چوار سەرنجی ئاوکێش بۆ یادی بزووتنەوەیەکی سەرکێش

دەەمویست هەر قسەکردنێک دەربارەی کارکردنم لە گۆڕاندا دوابخەم بۆ کاتێک کە هیچ هەستێکی ڕق، پەشیمانی، هاوسۆزیی و غوبنم لە بەرانبەر ئەو بزووتنەوەیەدا نەمابێت، هەرچەندە بە نزیکەیی هیچ کامێک لەو هەستانەم تێدا نەماوە، بەڵام هێشتاش پێم وایە ڕەنگە بۆ ئەو قسەکردنە زوو بێت.

بزووتنەوەی گۆڕان ئەزموونێکی فرەگرنگ و بەهادارە، قۆناغێکی ئاڵتوونییە و ڕابوونی ڕۆحیی کوردانی باشوورە، کە دواتر بە جۆگەی بەرژەوەندی کەسیی و خێزانییدا دەبرێت، بۆ من بەهەڵەدابردنی گۆڕان تراژیدیی نییە وەک ئەوەی برادەران وێنای دەکەن، نا بەهادارە چونکە نەخشەی بەهەڵەدابردن و ئیستیغلالکردنمان پیشان دەدات، بزووتنەوەی گۆڕان وەکو گریمانەی هەڵە، ئەزموونی هەڵەی ناو توێژینەوەی زانستیی وایە، ڕاستە دەرەنجامە ڕاستەکەمان پێشکەش ناکات، بەڵام لەباریدایە لە سەدان بەهەڵەدابردنی دیکە بمانپارێزێت.


کورتکردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا و میراتگران و خانەنشینە ڕازیی و ناڕازییەکاندا هەڵەیە، گۆڕان پرۆژەی نەوشیروان مستەفا نییە، گۆڕان بریتییە لە کۆبوونەوەی دەیان کانی و کانیلە و جۆگەئاو کە لە وێستگەیەکیدا نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتیی کرد، سەرەتاکەی باش و بەهێز و کۆتاییەکەشی پڕ لە هەڵە و بەهەڵەدابردن بوو.


لێگاسی و میراتیی بزووتنەوەکە و ڕابەرەکەی لە ئەزموونی تراژیدیی ئوممەتی ئیسلام «Nation of Islam»ـی مسوڵمانە ئەفرۆئەمریکاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەچێت، لێرە نەوشیروان مستەفا و کوڕەکانی، لەوێ ئیلایجا محەممەد و کوڕەکانی، لەوێ بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەهێز و لێرەش هەمان شت، لەوێ کۆمپانیا و موڵک و لێرەش هەمان شت، لەوێ نەوەیەکی چالاک و پڕ لە حەماسەت و لەسەرووی هەمووشیانەوە «ماڵکۆم ئێکس» هەبوون تا میراتییەکە وەربگرن و بزاڤەکە بۆ لووتکە بەرن، بەڵام دواجار میراتییەکە درا بە کوڕەکان و کوڕەکانیش بە بایان دا، لێرەش هەمان چیرۆک.


ئینجا یادی ئەو ڕۆژە حەماسەخوڵقێن و پڕ لە ڕۆشناییانە پیرۆز بن، من خۆم لێیان پەشیمان نییم، بریا دەرەنجامەکانی ئاوا نەدەبوو.

ھەواڵی زیاتر