پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ناکۆکن

ئەمڕۆ شاندێکی پارتی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی دوای هەڵبژاردنیان کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر یەکدەنگی هەردوولا لە بەغداد بەتایبەت لەسەر پرسە نیشتمانییەکان.

لە دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش رێکخراو گوتەبێژی پارتی مەحموود محەمەد و گوتەبێژی یەکێتی، ئەمین بابەشێخ باسیان لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کرد.

سەرەتا مەحموود محەمەد گوتی: ”سەردانەکەمان بۆ رەوینەوەی “نیگەرانی” بووە، ئەگەر لە هەڵمەتی بانگەشەکاندا دروست بووبێت و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەین. ئێمە دەمانەوێت پێکەوە بچینە بەغدا و ئەو مافانەی لە دەستووردا هەمانە، بیانپارێزین و ئەوەشی بەدەستمان نەهێناوە، بەدەستی بهێنین”.

دەربارەی دۆخی کەرکووکیش، مەحمود محەمەد لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: “لیژنەی هاوبەش بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا هەیە و گەیشتوونەتە خاڵی باش، بەڵام ئاستەنگی هاتووەتە پێش، هاوشێوەی رێککەوتنی شنگال”.

لە بارەی پۆستی سەرکۆماریشەوە مەحمود محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەک باسی پۆستی سەرکۆماریان نەکردووە و گوتی: “راستە پۆستێکە بۆ کورد، بەڵام ناتوانین بڵێین تایبەتە بە لایەنێکی سیاسیی”.

وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەو گوتانەی مەحمود محەمەد، گوتەبێژی یەکێتی، ئەمین بابەشێخ گوتی: ”باسی ئەوەمان کرد چۆن پێکەوە نوێنەرایەتی گەلەکەمان لە بەغدا بکەین؛ ئەوە بۆ ئێمە گرنگە نەک پۆستەکان. پۆستی سەرکۆمار پۆستی کوردە و هیچ ناکۆکییەکمان نییە و نەریتێک هەیە بۆ یەکێتی بێت”.

لەبارەی پەیوەندی پارتی و لایەنە عێراقییەکان، مەحمود محەمەد گوتی: ”لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان کۆبووینەتەوە و کێ لە کارنامەی پارتی و مافەکانمانەوە نزیک بێت، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەکەین. لەگەڵ سەدر نزیکتربووین لە هەموو لایەنەکان، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نووسراومان نییە”.

لای خۆیەوە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمین بابەشێخ، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هەوڵێک دەدەن لە بەغدا و هەرێمی کوردستانیش یەکدەنگ بن.

شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێكهاتووە لە سكرتێری مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی مەحمود محەمەد و عارف تەیفور و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی عەلی حوسێن و دڵشاد شەهاب، هەروەها وەفدی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی هاوسەرۆكی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی، پێکهاتووە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، شاڵاو عەلی عەسکەری، ئاسۆ مامەند، بورهان سەعید سۆفی.

ھەواڵی زیاتر