نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مير و سه‌رۆكوه‌زيرانی قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یەکەمی 2021، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌ فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ وڵاتی قه‌ته‌ر، بەجیا لەگەڵ هەر یەک لە شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر و شێخ خالد بن خه‌ليفه‌ بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ناوخۆى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وەی لەگەڵ شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەو پرسانەی جێی بایەخی هاوبەش بوون لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوو کرد. لای خۆیەوە میری قەتەر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقى به‌لاوه‌ گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌يى وڵاته‌كه‌ى بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عێراق به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا ده‌ربڕى.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شێخ خالد بن خه‌ليفه‌ بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ناوخۆى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و پێشبنييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و كشتوكاڵى و گه‌شتياريدا، په‌تاى كۆڤيد_19، لێكه‌وته‌كانى و پرۆسه‌ى كوتان به‌ ڤاكسينى دژى په‌تاكه‌ له‌ عێراق و قه‌ته‌ر، گه‌شته‌ راسته‌وخۆكانى هێڵى ئاسمانيى قه‌ته‌رى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، هه‌نگاوه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر لە هەولێر، هه‌روه‌ها دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش، رێگه‌ و شێوازه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و بيرى توندڕه‌وى، تاوتوو كران.

ھەواڵی زیاتر