دوێنێ شەو هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک، زیاتر لە 100 گەنجی کوردیان لە شارەکە دەستگیر کرد و بەردەوامیش هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکی ڕەحیماوا و شۆڕجە. هێزی کۆماندۆی یەکێتیش کە بە هێزەکەی شێخ جەعفەر ناسراوە، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشی و لە نزیک دەروازەکانی کەرکووک جێگیر کران، بە تایبەت لە شارۆچکەی قەرەهەنجیر کە بە دەست پێشمەرگەوەیە.
ئەو هێزە بە دوو مەبەست جووڵەیان پێ کرابوو، یەکەم: هێزە عێراقییەکان دەیانویست لە پرۆسەی ژماردنەوەی بە دەستیی دەنگەکان، کورسیی کورد کەم بکەنەوە کە هێشتاش ئەم مەترسییە هەر ماوە.
دووەم: بە مەبەستی ترساندنی هێزە عێراقییەکان کە دەیانویست ترس و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە و لە پاڵیشیدا دەستێوەردانی سیاسی بکەن و تەرکیزی میدیاش بگۆڕن و سەرقاڵیان بکەن بەدەستگیرکردن وگرتن و بەردانی گەنجی شارەکە.
شەڕەکە چۆن روویدا؟
کاتێک لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕژابوونە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشی، چەند کەسێک بە جلی مەدەنییەوە کە بەپێی زانیارییەکان لایەنگری باڵێکی یەکێتی بوون و حەشدی شەعبی جووڵاندوونی، چوونەتە شوێنی ئاهەنگەکە و تەقەیان کردووە. بەمەش بیانوویەکیان داوەتە دەست لیوای 61ی سوپای عێراق بۆ ئەوەی هەڵبکوتێتە سەر ئاهەنگەکە و ماڵە کوردەکان و زیاتر لە 100 گەنج دەستگیربکات.
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، تا ئێستا 36 کەس لە بنکەی پۆلیسی ئازادیی کەرکووک ماون و دوو کەسیش لە بنکەی پۆلیسی رەحیماوا ماون و دەستگیرکراون. واتە 38 کەس لەلای هێزە ئەمنییەکان ماونەتەوە.
عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئەوانەی بەبۆنەی سەرکەوتنی چەند بەربژێرێکەوە ئاهەنگیان گێڕاوە، رێگرییان کردووە و هێرشیانکردووەتە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکیش.
عامر شوانی وتی “باشترە لایەنگرانی حیزبەکان ئاهەنگەکان ببەنە شوێنی تایبەت و ئێمەش دەیانپارێزین، ناکرێ بەناوی ئاهەنگەوە رێگە بگرن و هێرشبکەنە سەر خەڵک، چەند لایەنێک دەیانەوێ پشێوی دروستبکەن، تەنانەت هێرشیانکردووەتە سەر ئامبوڵانس و ئۆتۆمبێلی پۆلیس، بۆیە ئەمەش قابیلی قبووڵ نییە”.
بەڵام کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی “لیوای 61 بە ھێزێکی زۆرەوە چوونەتە گەڕەکی شۆڕجە و 35 گەنجی کوردی بێتاوانیان دەستگیر کردووە و لە رەحیماواش 29 کەسیان دەستگیرکردووە و مۆبایلەکانیان پشکنیوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەھۆی ئەو شکستەی تووشی بوونە کە چەند کورسیەکیان لەدەستدا، چەند کەسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، تەقەیان بەسەر سوپا و ئاھەنگێڕاندا کردووە و کە بووە ھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیس، بە ناھەق لەگەڵ چەند گەنجێکی دڵسۆز بە دەست و بە قۆناخە تفەنگ رووبەرووی یەک ببنەوە، لە ئەنجامدا لە لایەن ژمارەیەکی کەسی کورد وەڵام درانەوە، پاشان سوپا و پۆلیسی ئیتحادی ژمارەیەك کەسی بێتاوانیان لەو گەنجانە دەستگیر کرد”.
کەمال کەرکووکی راشیگەیاند: “داوا لە فەرماندەی عەملیات و سوپای عێراق و پۆلیسی محەلی کەرکوك دەکەین، بە ھێمنی و ئارامی بە ئەرکی خۆیان وەکو پێش ھەڵبژاردنەکان ھەڵسن. بەم شێوەی ئێستا و تێکدانی ئارامی لە ھاوڵاتیانی کوردی شارەکە ، رێگای چارەسەر نیە و بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی زیاتر”.
یەکێتی: ئەو رەشبگیرییەی کەرکووک لە هیچ لایەنێک قبووڵناکەین
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی دۆخی کەرکووک رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی كەركووك دەڕوانێت كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دروستكراوە، “لە ھیچ لایەنێكی قبووڵ ناكات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13-10-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمایی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەكێتی پەیوەندی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و لە پەلاماردانی ماڵی كورد و پێشێلكاریی ھێزە ئەمنییەكان و دەستگیركردنی گەنجانی کورد ئاگاداری كردووەتەوە و “دووپاتیكردووەتەوە ئەو دۆخە دروستكراوە جێگەی قبووڵكردن نییە”.
شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.
لە راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی هاتووە، “یەكێتی ھێزی بەرپرسیارە و پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێكەوەژیان و ئاشتییانە دەگرێتەبەر و پارێزگاری لەو پێكەوەژیانەی كەركووك دەكات، ھاوكات پارێزەری ماف و خاك و كوردستانی بوونی شارەكە دەكاتەوە و بەم ستراتیژە كاردەكات”.
لیوای 61 هێزێکی تایبەتە کە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و، کشانەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کەرکووک، ئەو هێزە بوونە جێگرەوەی دژە تیرۆر. لیوای 61 سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بارەگای سەرەکییان لە نێو کەرکووکە و هەر چوار دەروازە سەرەکییەکەی کەرکووک لە دەست ئەواندایە.