سبەی كازمی سەردانی واشنتن دەكات
بڕیارە سبەینێ یەكشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و لەلایەن بەرپرسانی باڵایی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێبكرێت.
تۆڕی میدیایی باڵكێش زانیویەتی، سەردانەكە بەشێوەیەكی فەرمیی دەبێت و لە ئاستی باڵادا و بەشێوەیەكی پرۆتۆكۆڵی لە كۆشكی سپی پێشوازی لە مستەفا كازمی دەكرێت و پێدەچێت سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپیش ببینێت.
پرسیی رێككەوتنەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە و هەروەها سەردانی كازمی بۆ تاران بەشێك دەبن لە گفتوگۆكانی نێوان كازمی و بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی.
ئەم سەردانەی كازمی بۆ واشنتن لەكاتێكدایە پێشتر كازمی سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێراندا كۆبوەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بە عێراق و ئێرانەوە كرا، هەرچەندە بڕیاربوو كازمی پێش تاران سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بكات بەڵام بەهۆی نەخۆش كەوتنی شای سعودیەوە سەردانەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوایی دەستبەكاربونیەوە گەڕێكی گەشت و سەردانەكانی بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا و ئەوروپا دەستپكردووە بە مەبەستی پتەوكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوانیان.