پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت كۆتایی هات و كۆمسیۆنیش لە هەر وێستگەیەك سندوقێكی دەنگدان بۆ دڵنیابوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەك ماوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت درێژ ناكرێتەوە، لە كاتی دیاریكراودا ئامێرەكان لە كار دەكەون.
کۆمسیۆن ئەوەشی ڕاگویاندووە کە دوای داخستنی سندوقەكان لە هەر وێستگەیەك دەنگەكانی ناو سندوقەكان بە دەست دەژمێردرێن، ئەوەش بۆ دڵنایی لایەنە سیاسییەكان لەوەی ئامێرەكان کاری خۆیان بە تەواوی دەکەن.
جێی ئاماژە پێدانە، لە کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ، پاش 11 سەعات لە دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق پڕۆسەكە كۆتایی هات.
كۆمسیۆن 595 بنكەی دەنگدان كە دوو هەزار و 584 وێستگەی دەنگدان لە خۆ دەگرێ، بۆ هێزەكانی ناوخۆ دەكرێنەوە و 86 بنكەی دیکەش بۆ ئاوارەكان كە لە 309 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، لە 27 كەمپی ئاوارەكان هەبوون، هەروەها شەش بنكەی دەنگدان بۆ 671 گیراوەی نێو گرتووخانەكانی عێراق دەبێت.