خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشایەوە
روانگەی پەرلەمانیی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەمڕۆ هەڵوەشایەوە، بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە سێ ساڵی کارکردنیدا پەرلەمان 149 جار کۆبووەتەوە و 92 یاسای پەسندکردووە. لەو سێ ساڵەدا 57 پەرلەمانتار هیچ بەشدارییەکیان نە بە گفتوگۆ نە بە قسەکردن و خاڵی نیزامی لە هیچ دانیشتنێکدا نەکردووە، کە 13 لەوانە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-10-2021 خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی ماوەی یاسایی خۆی تەواو بکات، هەڵوەشایەوە و کۆتایی بە ئەندامێتیی ئەندامانیشی هات.
هەڵوەشانەوەی ئەم خولە بۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بکرێت.
رۆژی 31ی ئاداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارەی 46یدا بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2021 دەرکرد.
یەکێک لە داواکاریی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019ی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، بۆیە ئەم خولە ساڵێک بەر لە وادەی خۆی هەڵوەشایەوە
روانگەی پەرلەمانیی عێراقی بەر لە هەڵوەشانەوەی ئەو خولەی پەرلەمان لە بارەی کار و چالاکییەکانی خولەکە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە پەرلەمانی عێراق لەو خولەدا 149 کۆبوونەوەی کردووە. خوێندنەوەی یەکەمی بۆ 174 یاسا و خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ 129 یاسا کردووە.
پەرلەمان لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا 92 یاسای پەسند کردووە: ساڵی یەکەم 20 یاسا، ساڵی دووەم 21، ساڵی سێیەمیش 51 یاسا.
پەرلەمانی عێراق لە خولی چوارەمیدا 428 کاژێر و 46 خولەک کاری کردووە، واتە هەر کۆبوونەوەیەک 2،8 کاژێری خایاندووە، واتە 61 رۆژ کارکراوە، ئەگەر رۆژانە بەتێکڕا 7 کاژێری کردبێت.
بەشداریی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی تێکڕای ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ساڵەکان بەم جۆرە بووە: ساڵی یەکەم: 218 ئەندام، ساڵی دووەم: 209 ئەندام
و ساڵی سێیەم: 184 ئەندام. واتە تێکڕای گشتیی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا 203 ئەندام بووە.
کەمترین ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 166 ئەندام بووە، ئەویش لە دانیشتنی ژمارە 31 بووە. زۆرترین ئامادەبوونیش کە 302 ئەندام بووە لە دانیشتنی ژمارە چوار بووە.
لەمانگەکانیشدا ئایاری ساڵی دووەم زۆرترین ئامادەبوونی تێدابووە کە تێكڕای ئامادەبوون 266 ئەندام بوون، هەروەها ئایاری ساڵی سێیەم کەمترین مانگ بووە ئامادەبوونی تێدا بووبێت کە 171 ئەندام بوون.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، دەبووایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی چوارەمیدا 192 جار کۆببێتەوە، بەڵام 149 کۆبوونەوەی کردووە. کۆبوونەوەکانیش بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە بوون، ساڵی یەکەم: 64 کۆبوونەوە، ساڵی دووەم: 35 کۆبوونەوە و ساڵی سێیەم: 50 کۆبوونەوە.
لەماوەی 3/9/2018 تاوەکو رۆژی 29/5/2021 رێژەی بەشداریی گشتی بەشداربووان لەکۆبوونەوەکان 82٪ بووە، 31 پەرلەمانتار تەنیا یەک جار بەشدارییان لە دانیشتنەکان هەبووە، 57 پەرلەمانتاریش هیچ بەشداریکردن بەقسەکردن و خاڵی نیزامییان نەکردووە لەهیچ دانیشتنێک کە 13یان نوێنەرانی هەرێمی کوردستانن.
83٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا بەگفتوگۆ و خاڵی نیزامی کردووە لە رەگەزی نێربوون، ئەم رێژەیە لە ئافرەتاندا 60٪بووە.
بەشداریی ئەندامان بەپێی پارێزگاکان
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و میسان بەرزترین ئاستی بەشدارییان لەکۆبوونەوەکاندا هەبووە کە 100٪ بووە، پاشان پارێزگاکانی بەسرا و کەرکووک بەڕێژەی 92٪ دێت، ئەندامانی پارێزگای دهۆکیش کەمترین رێژەی بەشدارییان هەبووە کە 58٪ بووە.
ئەمەی خوارەوە رێژەی بەشداریی ئەندامانی پارێزگاکانی عێراق بووە بەپێی پارێزگاکان:
– بەغدا: 83٪
– نەینەوا: 82٪
– بەسرا: 92٪
– زیقار: 84٪
– بابل: 82٪
– سەڵاحەدین: 100٪
– کەرکووک:92٪
– دیالە: 85٪
– ئەنبار: 80٪
– هەولێر: 75٪
– سلێمانی: 66٪
– میسان: 100٪
– کەربەلا: 90٪
– نەجەف: 83٪
– واست: 75٪
– قادسیە: 63٪
– دهۆک: 58٪
– موسەنا: 71٪
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، 7 هەزار و 14 بەربژێری 204 حیزب و لایەنی سیاسی بەشدارییان تێداکرد. 143ی حیزب و لایەن لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی بوون
دوای حەوت رۆژ و لە رۆژی 19/5/2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامەنەکانی هەڵبژاردنی راگەیاند و هاوپەیمانیی سائیرون 54 کورسی. هاوپەیمانیی فەتح 48 کورسی، هاوپەیمانیی نەسر، 42 کورسی. پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی، یەکێتی 21 کورسی و رەوتی حیکمە 19 کورسی بەدەستهێنا.
کاردانەوەکانی دوای راگەیاندنی هەڵبژاردن
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند ئەنجامەکانی هەزار و 21 وێستگەی دەنگدانی پووچەڵکردەوە دوای سەلماندنی پێشێلکاری تێیاندا. هەروەها دەنگەکانی 411 وێستگە لە کۆی 490 وێستگەی دەنگدانی کەمپەکانی ئاوارەکانی پووچەڵکردنەوە. دەنگەکانی 493 وێستگەی دەنگدانی مەرجدار لەکۆی 500 وێستگە لە کەرکووک پووچەڵکرانەوە.
نەخشەی دابەشکردنی دەنگەکان و وردەکارییەکانی:
لەکۆی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 219یان ئەندامی نوێ بوون، واتە ڕێژەی 65٪یان. 70 ئەندام بۆ دووەم خول هەڵبژێردران، واتە بە رێژەی 21٪. 28 ئەندام بۆ سێیەم خول هەڵبژێردرانەوە، واتە رێژەی 10٪ و 12 ئەندام بۆ چوارەم خول هەڵبژێردرانەوە، واتە رێژەی 4٪.
تەمەنی پەرلەمانتارانی خولی چوارەم
– 47 پەرلەمانتار تەمەنیان لە خوار 40 ساڵەوە بوو.
– 34 پەرلەمانتار تەمەنیان لە 60 ساڵ بەسەرەوە بوو.
– 152یان تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 49 بوو
– 96یان لەنێوان 50 بۆ 59 ساڵ بوون.
گۆڕینی پەرلەمانتاران
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی 21 پەرلەمانتار دوای هەڵبژاردنیان بەهۆکاری جیاواز گۆڕاون، لەوانە، بەبڕیاری دادگەی فیدڕاڵی، دەستلەکارکێشانەوە، مردن، وەرگرتنی پۆستی دیکە، چوار ئەندامی دیکەش سوێندنی یاساییان نەخوارد لەنێویاندا حەیدەر عەبادی و مالیکی هەن.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی
رۆژی 19/8/2018، دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2018ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرد.
لەسەر داوای فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەران لە 3/9/2018 کۆبووەوە و لەنێو 8 بەربژیر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەممەد حەلبووسی بەدەنگی 169 ئەندام لە کۆی 298 ئەندام بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
هەروەها حەسەن کەعبی بە بەدەستهێنانی 210 دەنگ لەکۆی 281 پەرلەمانتار بووە جێگری یەکەم و لە 16/9/2018 بەشیر حەداد 185 دەنگی لەکۆی 282 بەدەستهێنا و بووە جێگری دووەم.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
رۆژی 16/9/2018 دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو و رۆژی 27/9/2018 کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو، ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەو پۆستە خۆیان بەربژێرکردبوو 30 کەس بوون کە رەزامەندی لەسەر 23 کەسیان درا، دوای کشانەوەی 2 کەسیان رکابەرایەتییەکە لەنێوان 19 بەربژێریان مایەوە.
رۆژی 2/10/2018 لەدەنگدانێکی نهێنی بە 165 دەنگ لەکۆی 302 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بەرهەم ساڵح بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام دەنگی پێویستی نەبوو کە دەبوو دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنەکە بۆ خولێکی دیکە دووبارەکرایەوە و لەکۆی 272 پەرلەمانتار بەرهەم ساڵح 219 دەنگی بەدەستهێنا.
دەنگدان لەسەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی 24/10/2018 بەرنامەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی پەسەندکرد و رەزامەندی لەسەر 14 وەزیری کابینەکەی دا، رۆژی 18/12/2021 سێ وەزیری دیکەی پەسەندکرد، رۆژی 24/12/2018 دوو وەزیری دیکەی پەسەندکرد،
دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی
دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاکانی خوارووی عێراق لەدژی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازیی راستەقینە و کوژرانی سەدان کەس، رۆژی 29/11/2019 عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، دواتر هەریەک لە عەدنان زورفی و محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێدران، بەڵام نەیانتوانی پشتگیری بۆ پێکهێنانی حکومەت بە دەستبێنن. پاشان سەرۆککۆمار ئەو ئەرکەی بە مستەفا کازمی سپارد، کە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بوو.
رۆژی 7/5/2020 ئەنجوومەنی نوێنەران کابینەی مستەفا کازمی پەسندکرد، رۆژی 6/6/2020 وەزیرەکانی وەزارەتەکانی دیکەش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکران.
رووداو