“ئەوانەی هاتونەتە سەر حازری ناكرێ‌ میراتگری مام جەلال بن”

یادی دوا كۆچی مام جەلال و مام ناسی

مەلا بەختیار

ئەمڕۆ چوارەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلالە. كۆچێك، تەنها سەرۆكێكی لـێ‌ نەسەندین. بەڵكو لە دوای خۆی لە رێبازەكەی و شكۆمەندیەكەی و دەرونە فراوانەكەشی بێبەشی كردین.

هەرگیز ئەو چركە ساتەم بیرناچێتەوە كە یەكەمین جار لە (20/7/1977) لە گوندی (ماسی رۆ)ی هەكاری پێشوازیم لێكرد. نە لەشكری لەگەڵ بوو، نە تاقە چەكێكی قورس. تەنها خۆی و گۆچانەكەی و كێوێك لە ورەی بەرزی هێنابوەوە.

لەم پەخشان ئامێزەدا نامەوێ‌ لاپەڕەكانی مێژووی ئەم كەڵە رابەرە هەڵبدەمەوە، تەنها دەمەوێ‌ بڵێم: مام ناسی لە ناو یەكێتیدا، وەكو فەلسەفەی سیاسی و تاكتیكی سیاسی و دوربینی سیاسی كەمن. كەمن ئەوانەی هاوخەباتی رۆژگاری سەختی مام جەلال بون و دەزانن ئەم رابەرە، لە كاتی تەنگانەدا، لەكاتی شەڕدا، لەكاتی نەبونی و برسێتیدا، لەكاتی گیرفان بەتاڵی و خواردنی بژی و مەمریدا، لە هەورازی سەخت و لێژگەی هەزار بەهەزاردا. لە كڕێوەی زستان و قرچەی هاویندا.. لە سەركەوتن و شكستدا، لە گریان و پێكەنیندا، لە هەڵچون و ئارامیدا، لە دانوستان و ئازایەتی بێوێنە بەرامبەر سەدام و كۆماری ئیسلامی و توركیاو لایەنە سیاسیەكاندا.. لەكاتی بۆردومان و فڕكان فڕكانی فڕۆكەدا.. بەڵێ‌ كەمن ئەوانەی مام جەلال ناس بن.

مام جەلال ناسی، بەلاف لێدان نییە. بە بەرزكردنەوەی وێنەكانی و فرمێسكی هەلپەرستی هەڵڕشتن نییە. بەدەست بەسەرداگرتنی پێگەو پایەكەیشی نییە. مام جەلال ناسی، قوڵبونەوەیە لە فەلسەفەی سیاسی و تێگەیشتن لە چۆنیەتی باوەڕبون بە ئازادی و دیموكراسی. لە دەربەست بوونە بە رەنجدەران.  لە ناسینی مام جەلال، لەكاتی ململانێكان و بیرە جیاوازەكان.. لە گەرمەی، رەخنەگرتن و بەرپەرچدانەوەی بۆچونەكاندا. لەقبوڵنەكردنی خودی مام جەلالیشدا.

ئەوانەی هاتونەتە سەر حازری.. یان ئەوانەی پێشمەرگە و كادری ماندووی شاخ بون و لەدوای راپەڕینیش دووربون لە وردەكاری سیاسەتی مام جەلال، ناكرێ‌ میراتگری فەلسەفەی مام جەلال بن. بەڵكو ناشتوانن حیزبەكەی مام جەلالیش بپارێزن. چونكە ئاستی تێگەیشتنی ستراتیژییان و شارەزاییان لە فەلسفەو فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی رەخنەی سیاسی، نزمترە لە تێگەیشتنەكانی مام جەلال.

ئەمانە سەكۆی ئازادی دروستكراوی مام جەلال لە پاركی ئازادیدا دەبینن، بەڵام شانازیش دەكەن لەسەر رەخنە خەڵك سزا بدەن. چونكە باڵای زۆربەیان كورتترە لە كێلی بەرزی مامی رابەر!!

مام!

نامەوێ‌ روحت ئازار بدەم. بەڵام ناشتوانم بیشارمەوە كە یەكێتیەكەی جەنابت، دوورە لەو فەلسەفەیەی نەخشاندوتە، دڵنیابە، ئەگەر بەزوترین كات، پاك نەكرێتەوە لە پیلانگێڕان، لە هەلپەرستان، لە دز و درۆزنەكان، لە پلەو پایە خوازان، لەخۆفرۆشان بەم و بەو دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە، یەكێتی دوا ساڵانی سیاسەت بەسەر دەبات!

مام!

بنوو.. ئاسودە بنوو.. جەنابت هەتا چویتە مەزاری رۆح شادی، درێغیت نەكرد.. شانازیەكانت زۆرترن لە كەموكوڕیەكانت.

بنوو.. ئاسودە بنوو.. مێژوو تۆماری كردووە، چ جوامێرێك و چ شۆڕشگێڕێك و چ دیموكراتخوازێك بووی.. ئەوانە تاوانبارن كە ئەو مێژووە دەزانن و بەپێڵاوی ئاسنین، پێشێلی دەكەن.

بنوو.. تاڵەبانی.. رابەری نەمر.. بنوو.. رۆژگار رۆژی بەدواوەیە.. پیلانگێڕی ریسوایی دێنێ‌.. هەلپەرستی شەرمەزاری بەرهەمدێنێ‌.. مشەخۆری سەرشۆڕی هەتا هەتایی دەكاتە مۆری رەشی ناوچاوانی.. ئەوانەی لایان داوە لە رێبازی مام جەلال و لە دیموكراسی و لە رەخنەی ئازاد.

ھەواڵی زیاتر