چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی تێپەڕبوو، كەچی خەمی لەدەستدانت و ئەو بۆشاییەی دروستی كرد هێشتا هەر ئەڵێی ئەو رۆژەیە كە هەواڵی ناخۆشی مەرگت هەموومانی ڕەشپۆش كرد.
لەم ماوەیەی بەجەستە لەناوماندا نەبوویت، لەهەمووكات زیاتر لەگرنگی و پێگەو كاریگەریی ژیانی سیاسی تۆ تێگەیشتین، ئاخۆ تۆ چی بووبیت وا هەموومان چوارساڵە ڕاكە ڕاكمانە و هەرچی ئەكەین هیچ لەو كەلێنانەمان بەتەواوی بۆ پڕ ناكرێتەوە كە لەپاش تۆ دروستبوون؟!
دڵمان پڕە و هێشتا خەمباری ماڵئاوایی تۆین، بەڵام ئاسودەین كە لەهەوڵی گەیاندنی كاروانەكەتین بە دوا مەنزڵ، خەریكبوو ئەو یەكێتییەی هەموو ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات، بەڵام شانمان دایە ژێر باری راستكردنەوەی و ئێستا لەگەڵ ھەڤاڵان خەریكین هەنگاو بەهەنگاو بیخەینەوە سەر راستەڕێگەكەی تۆی مام و ڕابەر.
بەر لەوەی كۆچ بكەیت، لەگەڵ كاك نەوشیروانی هاوڕێی تەمەنت، خەونی یەكڕیزی و گێڕانەوەی برایەتی جارانتان هەبوو کە لە دەباشان هێڵە گشتییەکانتان بۆ راکێشاین، وا ئێمە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئەو خەونەی ئێوە دەنێین و سوورین كۆتایی بەهەموو دابەشبوونێك بهێنین و یەكێتی و گۆڕان بكەینە بەرەیەك و هاوپەیمانێتییەكی سیاسی تا یەکگرتنێک كە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان.
باوکە گیان، لەپێناو قووت و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەهەموو دەرگایەکی بەغدادمان دا، چوینە هەركوێیەک سەربەرزبوین كە میراتگری مام جەلالین. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەو هەموو پەیوەندی و دۆست و شكۆو رێزەی لەدوای خۆت بۆ ئێمەت بەجێهێشت و ئێمە ئێستا سەرمان بەرزە پێی، چونکە دەمانزانی و هەستمان پێدەکرد کە بەشی زۆری ئەو رێزە، تەنانەت دوای چوار ساڵ لەماڵئاوایی تۆ، هێشتا هەر بۆ تۆ بوو. لەدڵەوە دەیڵێم سەربەرزم کوڕی تۆم باوکە گیان!
خەمێكی قووڵی تری تۆ ئازادی و داكۆكیكردن بوو لە جیاوازییەکان، پاراستنی شکۆی نووسەران و خەڵكی خاوەن بیر و ڕۆشنفكردابوویت، بەبێ ئەوەی بتەوێ دواتر بەرەو ڕوویەكی دیار ئاراستەیان بكەیت، پێتوابوو ئازادی مافێكی خۆڕسكە تەنانەت بۆ تانەدان و ڕەخنەی توندیش لەخودی خۆت، ئێمەش هەر لەسەر باوەڕی تۆین و گفت و بەڵێنمان ئەوەیە تا ئەو جێگای دەسەڵات و توانامان هەبێت نەهێڵین گیراوی بیر و رۆژنامەنوسی زیندانیكراو و سەركوتكردنی ڕەخنەگرتن هەبێت و هەر بۆ پرەنسپیی چەپكە گوڵەكە تێدەكۆشین.
باوکە گیان.. ناتوانین بۆشایی تۆ وەك پێویست پڕ بكەینەوە، بەڵام هیچ كاتێكیش درێغی ناكەین و وتەو رەفتار و هەڵسوكەوتەكانت مەشخەڵی رێگەمانە بۆیە بەهیوام لە دوامەنزڵگەتدا ئاسوودە و ئارام بیت و ساڵ دێت و دەڕوات تۆ هەر مام جەلالی، ڕابەری كوردان و شكۆی نەتەوەکەمانی.
کوڕی خۆت
قوباد
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر