وەزیری تەندروستی: باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی رابردوودا باندێک لەسەر ساختەکردنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراوە. دەشڵێت، هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی هاوشێوەی ئەو کەسانە هەیە هێزە ئەمنی و لیژنە تەندروستییەکان ئاگادار بکاتەوە.

رۆژی سێشەممە 28-09-2021، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر سوپاسی تیمەکانی ئاسایشی کرد کە “هاوکارمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو باندە، ئێستا ئەو باندە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، لەبەرئەوەش پێشتر نەمانتوایوە رایبگەیێنین، چونکە لە داهاتوودا هێزە ئەمنییەکان وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە.”

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، “چەندین کەس بەهۆی ساختەکردن و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین دەستگیرکراون.”

د. سامان بەرزنجی داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات کە بۆ دەرهێنانی کارتی ڤاکسین تەنیا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و “ئەوانەش کارتیان بۆ دروستدەکرێت کە ناویان لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا هەیە و ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.”

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هەر کەسێک ساختەکاری بکات و کارتی ڤاکیسن ساختە بکات لێی قبووڵ ناکەین.”

پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە کارتی ڤاکسین بەو کەسانە دەدرێت کە هەردوو قورچکی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت کە لە گەشتکردن بۆ وڵاتان دەتوانن وەکو بەڵگەیەک بیخەنەڕوو.

لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی جیهان ئەو کارتە کاری پێدەکرێت، بۆ دروستکردنی کارتەکەش دەبێت هاونیشتمانیان کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان ببەن.

پێشتر حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری و پۆرتاڵی كوردڤاكس لە وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کارتی ڤاکسینەوە بە رووداوی گوتبوو، “سیستەمی کارتی ڤاکسین، لەڕووی کوالێتی و ئاسایشەوە پارێزراوە و هاک ناکرێت”.

رۆژی سێشەممە 28-09-2021 کاژێر 10:00 بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، بنکەی پێدانی کارتی ڤاکسین بە هاونیشتمانیان کرایەوە، کە کارتێکی نێودەڵەتیی باوەڕپێکراوە و سەرجەم زانیارییەکانی کەسەکە تۆمارکراوە لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رووداو

ھەواڵی زیاتر