گۆران عەبدوڵا بۆ باڵكێش: كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە

دكتۆر گۆران عەبدوڵا، پزیشكی تایبەت لە بواریی نەخۆشییە گواستراوەكان، لەگەڵ تۆڕیی میدیایی باڵكێش  هەڤپەیڤینێكی ئەندامداوە و تێیدا بەوردی باس لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات و باس لەوەدەكات كە جیهان وەك ململانێیەكی سیاسی دەڕوانێتە ڤایرۆسی كۆرۆنا و چەندین زانیاری گرنگتر دەخاتە بەردەست.

باڵكێش: ئایا جیهان بەتەواوەتی نزیكبوەتەوە لە دروستكرنی دەرمان و ڤاكسینی كۆرۆنا یان تەنها بۆ كەمپین و ململانێی زلهێزەكانە؟

د. گۆران عەبدوڵا: کۆڤید ١٩، کە ئەو نەخۆشیەیە کۆرۆنا دروستی دەکا، نەخۆشییەکەی ڤایرۆسیە. بە گشتیش نەخۆشی ڤایرۆسی چارەسەری ئاسان نیە و زۆرجار چارەسەری نیە.

ئەمەش بۆ زۆربەیی نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان ڕاستە، بۆیە تەنها ڕێگا لە بەردەمدا هەیە بۆ نەخۆشکەوتن بەم ڤایرۆسە، یەکەم خۆپارێزیە و دووەم ڤاکسینە.

لە كاتی ئێستادا پێشبڕکێکی جیهانیی خێرا دەکرێ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ نەخۆشیەکە،  تاوەکو ئێستا زیاد لە ١٦٥ کاندیدی ڤاکسین هەیە کە توێژێنەوەیان لەسەر دەکرێ. لەمانە ٤یان گەیشتونەتە قۆناغی سێ کە کۆتا هەنگاوی دروستکردنی ڤاکسینەکەیە. و یەک ڤاکسینیش ئەو قۆناغەیشی بڕیەوە بە ژمارەیەکی کەم بەکاردەهێنرێ.

بە نیسبەت دەرمانەوە وێنەکە ئاڵۆزترە، وەکو وتمان کۆرۆنا ڤایرۆسە و بە گشتی نەخۆشیی ڤایرۆسی چارەسەرکردنی ئاسان نیە بە دەرمان،  هەمو ئەو دەرمانانەی کە قسەی لەسەر دەکرێ تاوەکو ئێستا یا هیچ کاریگەریەکیان نیە یا هێشتا لە ژێر توێژینەوەن، بەڵام بەداخەوە کۆمپانیاکانی دەرمان بەوانەی لای خۆشمانەوە ئەمەیان کردوە بە بابەتێک بۆ قازانجی دارایی ناشەرعی.

وەکو هەر بابەتێکی تری مەترسیدار و مەسیری بەڵێ کۆرۆنا و چارەسەرکەی بووە بە لایەنێک بۆ ململانێی زلهێزەکان، بەڵام ڕاستیەکان ئەوەیە کە پێشەوەچونێکی دڵخۆشکەر هەیە لە بارەی ڤاکسینەوە

باڵكێش:  ئایا كۆرۆنا ڤایرۆس  قەڵاچۆ دەكرێت و لەناو دەچێت یاخود وەك (پەتا)(دیاردە) (نەخۆشی) گشتی دەمێنێتەوە وەك مەلاریا و ئایدز وهتد؟

د. گۆران عەبدوڵا: هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە بەداخەوە کۆرۆنا لەناومانا دەمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵێ پێدەچێ کۆرۆنا ببێتە نەخۆشیەکی گشتی کە وەکو ئەنفلەونزا و ئەوانەی تر هەمو ساڵێک هەزاران کەس بکوژێ. بەڵام هیوامان زۆرە کە ڤاکسینێکی بۆ دەدۆزرێتەوە و ئەمەش هاوکار دەبێ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.

هەر بۆیەشە ئێمەومانان هەر لە سەرەتاوە داوامان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردوە کە خەمی بەدەستهێنانی ڤاکسینەکە بخۆن ئەگەر هاتو دروستکرا و بەردەست بو. بە تایبەتی پێویستە وەزیرە کوردەکەی دەرەوەی عێراق بە جیددی خەمی ئەم بابەتی بێ و دڵنیایی بدا لەوەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەزگا نێودەوڵەتیەکان بێبەشناکرێن لەم ڤاکسینە.

باڵكێش: لە ئێستادا باشترین چارەسەر بۆ بەهێزبوونی بەرگری لەش چییە؟

ئایاتوشبوون و توشنەبوون كاریگەریی لەسەر مەناعەی مرۆڤ دەكات؟

د. گۆران عەبدوڵا: باشترین ڕێگا بۆ توشنەبون خۆپارێزیە بەوەی کە دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنرێ و نەچیتە قەڕەباڵەغیەوە و دەستەکان زوو زوو بشۆردرێ… هتد.

هەندێ هەنگای سادەش هەن کە سودیان هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش. بۆ نمونە خواردنی سەوزە و میو، ئاو و شلەمەنی، وەرزشکردن، جگەرەنەکێشان، گرنگیدان بە خەو و پشو، ئارامیی دەرونی و نەشلەژان. ڤیتامین و مینرالەکانیش سودیان هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش بەڵام ڕێگر نین لە توشبون. بداخەوە بازرگانەکانی ئەم بوارە دەستیانداوەتە تاڵانکردنی خەڵک بەناوی چارەسەری کۆرۆنا لەڕێی کۆمەڵێک دەرمان و ڤیتامین و مینرالەوە کە بەڵگەیەکی زانستی ئەوتۆ نیە کە کاریگەریان هەبێ.

باڵكێش: سیاسی و شرۆڤەكاران پێیان وایە كۆرۆنا دەستی چین یان ئەمریكایە  بەلام زانیستیەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەبكرێت.

د. گۆران عەبدوڵا: تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی تۆکمە نیە لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراو بێ و بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتبێ. ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بازیداوە بۆ مرۆڤ. هەروەها ئەوەش دیارە کە ڤایرۆسەکە جیاوازی نەکردوە لە نێوان چینیەک و ئەمریکیەک یا ئافریقیەک یا هندیک. هەمو نەتەوەوە وڵاتەکان بە ڕێژەی جیاواز توشی ئەم بەڵایە بون.

باڵكێش: ئایا پێكوتە یان دەرمان بۆ كۆرۆنا بەردەستە یاخود جیهان  نەیتوانیوە دروستی بكات؟ ئەگەر وایە ئایا ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت كە زانست هێشتر لەو ئاستەدا نییە كە خەڵك؟

د.گۆران عەبدوڵا: لە ڕاستیدا ئەم ماوەیە دەرکەوت کە زانست دەتوانێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توێژینەوەی فراوان لەسەر کێشەیەکی تەندروستی زۆر ئاڵۆزی وەکو کۆرۆنا بکا.

لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ڕوینەداوە کە لە ماوەی هەفتەیەک کەمتر دەستنیشانی نەخۆشیەکی تازە بکرێ و ترشی ناوەکی ڤایرۆسەکە بەتەواوەتی بناسرێ و بۆ هەمو جیهان ئاشکرا بکرێ. قەت ڕوینەداوە بە خێراییەکی زۆر کیتی پشکنین بۆ نەخۆشیەکە دروستبکرێ و بە هەموو دنیادا بڵاوبکرێتەوە. هەروەها ئەو هەمو توێژنەوە و زانیاریە بێ وێنەیە کە لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامدەدرێ. رۆژ نیە زانیاری تازە لەسەر ڤایرۆسە بڵاونەکرێتەوە. بۆیە بەپێچەوانەوە پێم وایە ئەوەی ڕودەدا گەواهیدەرە لەسەر پێشکەوتنێکی زانستی کەموێنە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا. هاوکات لەسەر ئاستێکی زۆر فراوانیش زانیاریەکان بە خێرایی بڵاودەکرێتەوە و هاوبەشدەکرێ کە جێگای دڵخۆشیە.

ھەواڵی زیاتر