ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی تورکیا – جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆگوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی پارتەکە کرد.
بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێکراوە.
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، سڵاوی کەمال کلیچیدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕیوە کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئۆگوز کان سالیجی رایگەیاندووە، “ئامانجمان لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی گەلی کۆمارییە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش.”
لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. “هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەیە.”