جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە حكوومەت ڕێگە بەو بازرگانانە نادات كە بە ”فرتوفێڵ“ و لە ڕێگەی تێكردنی چەند ماددەیەكەوە، ئۆكتانی بەنزین بەرز دەكەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی ٩ی ٢٠٢١، لە میانی سەردانێكیدا بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان باجی سەر سووتەمەنی زیاد نەكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئەو بەنزینەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت، لە دەرەوەی وڵات دێت، بەنزینیش بەرهەمێكی نەوتە و لەگەڵ زیادبوونی نرخی نەوت، نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، بۆیە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەرز بۆتەوە.
لەبارەی هۆكاری نزمیی نرخی بەنزین لە عێراق، ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەتی عێراق ”پشتیوانیی نرخی بەنزین دەكات. ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدا نییە كە ئێمە پشتیوانی بكەین. ئێمە كارئاسانی دەكەین بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، بەڵام نابێ لەسەر حیسابی كوالێتی بێت“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”هەندێك بازرگان، چەند ماددەیەك لە بەنزین دەكەن تا ئۆكتانی بەنزینەكە بەرز ببێتەوە، نابێ ریگە بەو فرتوفێڵە بێت“.
باسی لەوەش كرد كە لەگەڵ عێراق ڕێككەوتوون، تاوەكوو بەنزینێكی زۆر بێتە نێو هەرێمی كوردستان، بەم هۆیەشەوە نرخەكە دابەزێت، هەروەها ”ئەو رسوماتانەی هەن، كەممان كردۆتەوە تاوەكوو نرخی بەنزین بەرز نەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت رەچاوی كوالێتی بكەین و نەهێڵین دابەزێت“.