تەقینەوەیەک لە داقوق روویدا

لە باشووری داقوق و لەنێوان گوندەکانی سموود و سەماگە لەکاتی دروستکردنی پردێک بۆمبێک تەقییەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت: کەسێک کوژراوە و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی رۆژی دووشەممە 30-08-2021 روویداوە، لە شوێنی رووداوەکە چەند کرێکارێک سەرقاڵی دروستکردنی پردێک بوون و بەهۆیەوە بۆمبێک تەقیوەتەوە.

دکتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک ڕایگەیاند “10 بریندار رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کراون و دۆخی تەندروستییان مامناوەندە و لەژێر چاودێریدا دەهێڵدرێنەوە.”

هەر لەبارەی رووداوەکە، عەلی داودی، دانیشتووی سنووری حەفتەغار وتی، “بەڵێندەری پرۆژەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.”

بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو ناوچەیەی بۆمبەکەی تێدا تەقیوەتەوە ناوچەیەکی “نائارامە و بەردەوام جمووجوڵی چەکداریی تێدا بەدیدەکرێت و هێزەکانی لیوای20ی پۆلیسی فیدراڵی کە لەناوچەکەن زوو زوو دەکرێنە ئامانج.”

 لەگەڵ کرێکارەکان سێ پۆلیسی فیدڕالی کە پاسەوانییان کردوون، برینداربوون.

رووداو

ھەواڵی زیاتر