بافڵ تاڵهبانی، ھاوسهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان له دهباشان پێشوازیكرد له ژمارهیهك له كهسایهتی و پیاوماقوڵانی عهشرهتی نهوڕۆڵی.
کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە 28-08-2021 لە دەباشان بووە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی عەشرەتی نەوڕۆڵی کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکان و ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان قسەی کردووە و جەختی لە سیاسەتێکی ھاوبەش و نیشتمانی لە بەغدا کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد، راشیگەیاند، “هەموومان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی کوردستان دەکەین و بە پشتیوانی ئێوە سەرکەوتن تۆمار دەکەین.”
هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە گۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد و رایگەیاند “هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی رابردوودا کردوومانە لەپێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و پاراستنی رێبازەکەی مام بووە.” هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیشی گوتووە کە نایانەوێت یەکێتی بۆ بەرژەوەندی و کاری تایبەت بەکاربهێنرێت و دەشڵێت “لە هیچ کەسێکیش قبووڵ ناکەین کاری لەو شێوەیە بکات.” لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەشیرەتی نەوڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی “یەکێتی پشتیوان بە خەڵک و دڵسۆزانی رێبازی مام بە سیاسەتێکی نوێ درێژە بە خزمەتەکانی دەدات و لەسەر ھەموو ئاستەکان خزمەتکار دەبێت و کار بۆ بووژاندنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین.”