پارتی کۆنگرە دوادەخات و سەرۆکی فراکسیۆنەکەشی دەگۆڕێت

بڕیاربوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 2020دا کۆنگرەی چواردەمی خۆی ببەستێت، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی باڵکێش، بەهۆی ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و کۆتایی نەهاتنی پەتای کۆرۆنا، کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

بە پێی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی، دەبوو کۆنگرەی 14 لە 11/12/2014 ببەسترێت، بەڵام رۆژی 9ی كانوونی یەكەمی 2014 ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی دا. هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پارتی، دواخستنی كۆنگرە لە ساڵێك زیاتر درێژناكرێتەوە. بەڵام چەند ساڵێک بەسەر وادەی کۆنگرەی پارتیدا تێپەڕبووە کە ساڵانی پێشتر بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبەستران.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست باڵکێش کەوتوون، پارتی بڕیاریداوە بە دواکەوتنی کۆنگرە چەند گۆڕانکارییەکی نێوخۆیی بکات، لەوانە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێتە بەرپرسی لقی دوو لە هەولێر، ئەحمەد کانیش وەکو ئەندامی سەرکردایەتی بەردەوام دەبێت.

ئەگەر ئومێد خۆشناو دەست لە پەرلەمانتاری بکێشێتەوە کێ دەبێتە پەرلەمانتار؟

پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانە، هەر پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکە ئەگەر دەستلەکاربکێشێتەوە یان کۆچی دوایی بکات، ئەو پەرلەمانتارە جێگەی دەگرێتەوە کە لە لیستی پارتیدا 46ەمینی بەدەستهێناوە. بە گوێرەی لیستەکەش هەڵکەوت حاجی ئەنوەر شارەزووری دەبێتە پەرلەمانتاری کوردستان و سوێندی یاسایی دەخوات.

تائێستا پارتی دیموکراتی کوردستان 13 کۆنگرەی بەستووە، دوا کۆنگرەی لە ساڵی 2010 بوو کە تێیدا مەسعود بارزانی بە سەرۆک و نێچیرڤان بارزانی بە جێگری سەرۆک هەڵبژێردران.

ھەواڵی زیاتر