سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کۆتایی وەرزی هاوین یەکەیەکی نوێی هێزەکانی دەنێرێتە هەولێر و پاڵپشتی لە هێزە هاوپەیمانەکان دەکەن و ئەرکیان پاراستنی سەقامگیری و هەروەها چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش دەبێت.
فیرقەی پیادەی چوارەمی لیوای شەڕکەری یەکەمی سترایکەر ئەو هێزە بوون، کە 18 ساڵ لەمەوبەر بە دوای سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراقدا دەگەڕان و دواتر دۆزیانەوە و دەستگیریان کرد، دێنە هەولێر.
بڵاوکردنەوەی فیرقەی پیادەی چوارەمی لیوای شەڕکەری یەکەمی سترایکەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لەسەرەتای ساڵەوە دەیان هێرش کراونەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە 48 کاژێری رابردووشدا لانیکەم 4 هێرشکراون.
ئەم هێزە لە بنکەی فۆرت کارسۆنن لە ویلایەتی کۆلۆڕادۆ. کە 1800 سەرباز لەخۆدەگرێت، ئەو سەربازانە جێگەی فیرقەی 256ی پیادەی تیمی بەرەنگاربوونەوە دەگرنەوە کە لە نێو یەکەی پاسەوانی نیشتیمانی لیوزیاناوە هاتوون و دەگەڕێنەوە ئەمریکا، ئەوانیش لە کانوونی دووەمی 2020 لە هەولێر جێگیرکران و جێگەی فیرقەی ئاسمانی 82ی ئەمریکایان گرتەوە.
لە 2020ەوە هاوپەیمانان هێزەکانیان بەسەر دوو بنکەی سەرەکی دابەشکردوون، بەشێکیان لە نێو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگرکراون، ئەوانی دی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکاش لەخۆدەگرن.
سەرەڕای زیادبوونی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا، بەڵام ئەمریکا تائێستا بێدەنگە، لە کاتێکدا داوا لە ئیدارەی بایدن دەکرێت وەڵامێکی تووندی ئەو هێرشانە بداتەوە.
Rudaw