وردەکاری بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ تۆڕی “ئەی بی سی”، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی سەر بە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە جۆری “ئێف 15” و “ئێف 16” گورزەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆیان لە دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەنێو خاکی عێراق و سووریا ئەنجامدا.
بەرپرسەکە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان لە هێرشەکە “تەقەمەنی وردی ئاراستەکراویان” بەکارهێنا کە پێنتاگۆن پێناسەی دەکات بە چەکێکی ئاراستەکراو کە ئامانج لێی وێرانکردنی ئامانجەکەیە و کەمکردنەوەی زیانە لاوەکییەکان.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی وت، ئەو پێگانەی کراونەتە ئامانج توانای لە رادەبەدەریان هەبوو لە سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵکردن و توانای هاوکاری.
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک بایدن، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا “هێرشی ئاسمانیی بەرگریکرانەی ورد”یان لە دژی چەند بارەگایەک لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا کردووە، کە لەلایەن میلیشیای پاڵپشتیکراوی ئێرانی بەکارهێنراون.
گوتیشی هێرشەکان لە وەڵامی هێرشی گرووپەکانی پاڵپشتیکراوی ئێرانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کراون.
کێربی هەروەها گوتی بە لەبەرچاوگرتنی زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆک بایدن فەرمانی دەرکرد بە ئەنجامدانی کاری سەربازیی زیاتر بە مەبەستی پەکخستن و بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی ئەوە بۆردومانانەوە رایگەیاند، لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکان بە لایەنی کەمەوە 5 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
لای خۆشیەوە حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانیان 5 چەکداریان کوژراوە.