خوێندكارە یەكەمەكان پەیامێك ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن
خوێندكارە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆك و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانیستی دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن.
نوێنەری خوێندكارە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕیی میدیایی باڵكێشی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یاداشتێك كە پێكدێت لە داواكاریی قوتابییە یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی وەزیریی خوێندنی باڵا دەكەن و كە داواكاریی دامەزراندنی قوتابییە یەكەمەكان لەخۆ دەگرێت.
ئەو داواكارییەی خوێندكارە لە كاتێكدایە، ڕۆژی سێشەممە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند داواكاریی قوتابییە یەكەم و دووەمەكانمان ئاڕاستەی حكومەت كردووە بەڵام حكومەت بە نوسراوی ڕەسمی داواكاریەكەیانی ڕەتكردوەتەوە.
دەقی یاداشتی خوێند كارە یەكەمەكان
بۆ بەڕێز / وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
بابەت / داواکاری دامەزراندن
سڵاوی زانست
ئێمە وەک دەرچووە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی بەش و کۆلێژەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ۲٠۱٦ ـ ۲٠۱۷ ،ماوەی ۳ ساڵە لە چاوەڕوانی دامەزراندنداین و تا ئێستا بڕیار لە دامەزراندنمان نەدراوە .بەم هۆیەشەوە لە چەندین ڕووەوە توشی زیانی ماددی و مەعنەوی بووین ،کە گرنگترینیان لە دەست چوونی ماوەی ۳ ساڵ خزمەتە، لە پاڵ بەهەدەرچوونی توانا و لێهاتووییە پیشەییەکانمان ، وە پەراوێزخستنی پرسی دامەزراندنی ئێمەی پێشەنگەکانی زانکۆ و بێ بەشبوونمان لە سەرەتاییترین مافمان کە دامەزراندنە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی کێبڕکێی زانستی و کوالێتی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
.
لەبەر ئەو هۆکارانەی لە چەند دێڕی سەرەوەدا ئاماژەمان پێی کرد داواکارین لە بەڕێزتان هەوڵی جددی بدەن لەسەر ئاستی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران بە ئاڕاستەی چڕکردنەوەی هەوڵەکانتان بۆ دامەزراندنمان بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ،هەر لەو چوارچێوەیەشدا داواکارین لە بەڕێزتان ناوەکانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبکەنەوە بە مەبەستی دامەزراندنمان و قەرەبووکردنەوەی ئەو ۳ ساڵ چاوەڕوانییەمان وەک خزمەتی مەعنەوی.
دەستەی نوێنەرانی دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان