لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە هۆشداری دەدرێت

به‌پێی ئه‌و پێشبینیانه‌ی كه‌شناسی هه‌رێم كردونی، پله‌كانی گه‌رما زیاتر به‌رز ده‌بنه‌وه‌، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی و گیانی هاوڵاتیان قائیمقامیه‌تی سلێمانی هۆشداری ده‌دات.
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ (2021.6.21) له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ به‌پێی ئه‌و پێشبینییانه‌ی كه‌شوهه‌وای هه‌رێم ئاشكرا كردوه‌،‌ پله‌كانی گه‌رما به‌رده‌وام له‌ به‌رز بونه‌وه‌دا، بۆیه بۆپاراستنی خۆیان پێویسته‌ هاوڵاتیان هه‌ندێك رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر، له‌وانه‌ خۆ به‌دور گرتن له‌ كڕینی ئه‌و خواردن و خوارد‌نه‌وانه‌ له ‌شوێنی گه‌رم و ناته‌ندروستدا عه‌مبارده‌كرێن یان به‌ سه‌ربه‌تاڵی له‌بازاڕه‌كاندا به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێن، چونكه‌ هۆكارێكن بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی و گواستنه‌وه‌ی په‌تای سكچون و رشانه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ منداڵاندا ده‌رده‌كه‌ون.
هاوكات د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌كان داوا ده‌كات؛ له‌كاته‌ گه‌رمه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌ سەعات (11ی پێشنیوەڕۆ بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ) لە ماڵەکانتاندا بمێننه‌وه‌ و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت مه‌چنه‌ دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان لەگەڵدایە.
سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ سوته‌مه‌نییه‌كان له‌ كاته‌ گه‌رمه‌كاندا، نه‌قیب رێكان جه‌مال، نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی له‌ لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت رایگه‌یاند: بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بەهیچ شێوەیەک نابێت و رێگەپێدراو نییە کە تانکەری سوته‌مه‌نییه‌كان به‌تایبه‌تی غازی شلی (LPG) لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بۆ شوێنەکان نه‌گوازێته‌وه‌ لەبەر ئەوەی مەترسی رودانی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، پێویستە لە درەنگانێکی شەودا ئەو کارە بکرێت، هەر شوێنێک پابەند نەبێت روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
نه‌قیب رێكان جه‌مال، نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی داوا له‌ شۆفێرانكرد؛ له‌پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و سه‌لامه‌تی ئوتۆمبیله‌كانیان له‌كاته زۆر گه‌رمه‌كاندا سه‌ردانهی به‌نزینخانه‌كان نه‌كه‌ن و به‌نزین نه‌كه‌نه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیانه‌وه‌، چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا ئه‌گه‌ری دروستبونی روداوی نه‌خوازراو زیاتره‌.

ھەواڵی زیاتر