تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەبارەت بە دۆسیەی نەخۆشخانەی هیوا بە توندی ڕەخنە لە لاهوور شێخ جەنگی دەگرێت و ڕوونی دەکاتەوە، حزبەکەی لاهوور شێخ سیستمی نیمچە تایبەتی هێنایە کایەوە و لە ناو کەرتی گشتیشدا وەکو گورگ پەلاماری خەڵک ئەدات و پارەیان لێ وەرئەگرێ.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ ٢٠/٦/٢٠٢١ بڵاویکردەوە، لەسەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەی هیوا، لاهور شێخ جەنگی چەند لێدوانێکی سەرسوڕهێنەری داوە و دەڵێت: “نیگەرانین لەو هەوڵانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردو درکیان پێدەکرێت بۆ پاشەکشە و پەراوێزخستنی کەرتی گشتی لە بواری تەندروستی و گۆڕینی ئاراستەکەی بەرەو کەرتی تایبەت، ئەمەش دورە لە بنەماکانی سۆشیال دیموکرات و زیانگەیاندنە بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.”
تۆڕەکە دەپرسێت: “بەلای ئێمەوە زۆر سەیرە کە نیگەرانە لەو هەواڵانە. لە جەنابیان ئەپرسین، ئەوە کێ بووە کەرتی تەندروستی گشتی وێران کرد؟ ئەوە کێ بو کە کەرتی تەندروستی هەموی دایە دەست کۆمپانیا؟”
هەر وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانەکەی لاهوور شێخ جەنگی، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، چەند پرسیارێکی دیکەی ئاراستەی ناوبراو کردووە و دەڵێ:
ئایا ئەوە یەکێتیەکەی ئەو نەبو کە لە ٢٠٠٧ەوە وەزارەتی تەندروستی بە دەستەوە بو؟
ئایا ئەوە حیزبە بەناو سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نەبو کە سیستمی نیمچە تایبەتی هێنایە کایەوە و لە ناو کەرتی گشتیشدا وەکو گورگ پەلاماری خەڵک ئەدات و پارەیان لێ وەرئەگرێ؟
ئایا کاک لاهور ئەتوانێ پێمان بڵێ لە کامە سیستمی سوشیال دیموکراتی پارە لە خەڵک وەردەگیرێ لە ناو کەرتی گشتی تەندروستیدا؟
ئایا ئەوە وەزیرەکانی ئەو حیزبەی لاهور شێخ جەنگی نەبون کە ریگەیان بۆ کۆمپانیا خۆشکرد کە هەمو کەرتی تەندروستی بە تایبەت بکەن؟
ئایا ئەوە سەرکردەکانی وەکو کۆسرەت رەسولی حیزبە بەناو سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نیە کە لە هەولێر نەخۆشخانە بە پارەی سلێمانی دروست ئەکات و دوای ئەیکات بە نەخۆشخانەی تایبەت؟ ئایا هەر هەمان ئەو سەرکردانەی حیزبەکەی ئەو نین کە بازرگانی و قاچاخی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی ئەکەن؟
ئایا ئەوە کادیرەکانی حیزبە سوشیال دیموکراتەکەی کاک لاهور نین کە لە پاڵ پۆستە ئیداریەکانیان دەستیان لە گەڵ دەیان کۆمپانیای دەرمان و کەرتی تایبەت تێکەڵکردوە؟
ئایا ئەوە قەیوانی سەر بە حیزبە سوشیال دیموکراتەکەی ئەو نیە کە تەندروستی کردوەتە کاڵا و بە ئارەزوی خۆی بازرگانی پێوە ئەکات؟
ئایا لاهور شێخ جەنگی یەکێک لە ئەندازیارەکانی وێرانکردنی کەرتی تەندروستی کە رێکەوت حەمە ڕەشیدە نەکردوەتە ڕاوێژکاری تەندروستی خۆی و ئێستایش گوێی لێ دەگرێ؟
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، دەڵێ: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی ڕاست ئەکات فەرمو با ئەم پرنسیپە سەرەتاییانەی سوشیال دیموکراتیزم جێبەجێ بکات:
- بڕیار بدات کە حیزبەکەی تەندروستی وەکو مافی خەڵک تەماشا بکات نەک وەکو کاڵا.
- دەستی کۆمپانیا کاپیتالیست و بۆرژواکان لەناو کەرتی تەندروستی ببرێ و رێگا بە بازرگانی بە تەندروستی خەڵکی کوردستانەوە نەدات.
- کادیرە حیزبیەکانی یەکێتی ناو تەندروستی بنبڕ بکات کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان بۆ مەبەستی تایبەت.
- نەخۆشخانەکانی پار و ئەوانی تر بداتەوە خەڵکی کوردستان.
- رێگە نەدات سەرکردەکانی حیزبەکەی خۆی تێوەگلێن لە بازرگانی و قاچاخی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیی.