ئاگادارییەک لە هاتوچۆی هەولێرەوە بۆ ئەو کەسانەی ماتۆڕیان هەیە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، له‌ ئاگادارییه‌كدا، مه‌رجی به‌كارهێنان و لێخوڕینی ماتۆڕسكیل ده‌خاته‌ ڕوو و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌موو ئه‌و مه‌رج و ڕێوشوێنانه‌ جێبه‌جێ بكرێن كه‌ به‌ پێی یاسا ڕێك خراوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20/6/2021، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، له‌ ئاگادارییه‌كدا، بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و ماتۆڕسواران، له‌ باره‌ی بەکارهێنان و لێخوڕین و تۆمارکردنی ماتۆڕسکیله‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، بەپێی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ی ساڵی2006ی عیراق، کە یاسای کارپێکراوە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە بۆ لێخوڕینی ماتۆڕسکیل، ئەم خاڵانە پەیڕەو بکرێت.

1/ هەر کەسێک ماتۆڕسکیل لێبخوڕێت، پێویستە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلی هەبێت، کە ئەم مۆڵەتە بەپێی یاسا دەدرێت بەو کەسانەی ئەم خاڵانە بیانگرێتەوە.

ا/ تەمەنیان 16ساڵی تەواو کردبێت

ب/ لەپشکنینی پزیشکی بە سەرکەوتوویی دەربچن

ج/ لە تاقیکردنەوەی پراکتیکی (ترای) بە سەرکەوتوویی ده‌ربچن

د/هەڵگری ڕەگەزنامەی عیراقی بن، واته‌ کەسانی بیانی بە هیچ شێوەیەک نابێت ماتۆڕسکیل لێبخوڕن.

2/ پێویستە ئەو ماتۆڕسکیلەی لێی دەخوڕن تۆمارکراو بێت، واته‌ تابلۆی پێوەبێت، ماتۆڕسکیلەکەش بەشێوەیەکی فەرمی و لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی هاتبێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، چونکە بەپێی یاسای هاتوچۆ، هەر سوارۆیەک لەشەقام بڕوات، دەبێت تۆمارکراو بێت.

3/ لە کاتی لێخوڕیندا، پێویستە سەرجەم پێداویستییەکانی سەلامەتی لە کڵاوی سەرپارێز و ئەژنۆ و مەچەکپارێزەکان بەکاربێن لەلایەن شوفێرو سەرنشینەکەشەوە، ناشبێت لە یەک سەرنشین زیاتر سەر ماتۆڕسکیل بخرێت، ناشبێت سەرنشینەکە له‌ژێر هیچ بیانوویه‌ك منداڵ بێت.

4/ سەبارەت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و چێشتخانەکان، کە کاری دلیڤەری دەکەن، بەهەمان شێوە دەبێت ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمارکراو بێت لەسەرناوی کۆمپانیا یان چێشتخانەکە، ئەو کەسانەی لەسەری کاردەکەن، دەبێت مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و عیراقی بن و نابێت بیانی بن بە هەموو ڕەگەزنامەکانەوە.

5/ بە گشتی پێویستە لەسەر ماتۆڕسوارەکان پابەندی یاسا و ڕێنوێنییەکانی هاتوچۆ بن وجگە لە پێداویستییەکانی لێخوڕینی سەلامەتی، لەسەر ترافیکەکان بۆ چرای سوور بوەستن، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕۆیشتن لێنەخوڕن، بۆ کورتکردنەوەی ڕێگایەکان بەسەر دورگەی ناوەندەکان نەکەون، لە نێوان ئوتومبێلەکان بەشێوەی لولپێچ لێنەخوڕن، دەستەڕاستی شەقامەکان بەکاربهێنن نەک لاینی چەپی خێرا، لە شوێنی قەدەغە ماتۆڕسکیلەکانیان ڕانەگرن… هتد .

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ، ده‌شڵێ: هەر کەسێک پەیڕەوی ئەم خاڵانە بکات لە کاتی لێخوڕین، لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆ توشی گرفت نابێتەوە، بەڵکو یارمەتیشی دەدرێت، بەڵام هەر کەسێک لەو خاڵانە دەربچێت وسەرپێچی بکات، مەفرەزەکانی هاتووچۆ ناچار دەکات کە ڕێکاری یاسایی لەگەڵ بگرنەبەر و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دابگرن.

ھەواڵی زیاتر