بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكات بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێكە بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆهەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، وەك نموونە: ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 150 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 450 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر