وێنە سەرنجڕاکێشەکانی سەرۆکوەزیران!

چەند ڕۆژێکە بیرم لەو ناونیشانە دەکردەوە بۆ ئەوەی وتارێکی لە سەر بنووسم و بەخۆمم دەوت: تۆ بڵێی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چی لە مەسەلەکان بگۆڕێت! تەبعەن ھیچ.

وێنە جوانەکانی موستەفا کازمی ھەر دەڵێی سینەماکارە و بۆ ھەوادارانی خۆی نمایش دەکات، نەوەک بۆ گەلی عێراقێک کە ئاتاری لە سەر پاتار نەماوە.

بۆ ئێمەیش کە کوردین، بیەوێت ھەرچی ناشرینی عێراق بەرامبەرمانی کرد، بە وێنەیەک تەعویزیمان بۆ بکاتەوە و ئاشت بینەوە لەگەڵیان!

جا ماڵی کورد ئاوەدان بێت، لەو ڕۆژانە ئەوەندەیان بە موستەفا کازمییەوە گرتبوو چونکە وێنەیەکی گیراوە کە بە تەنیشت پەنجەرەی فڕۆکەیەکەوە دانیشتووە و لە داھاتووی عێراق دەڕوانیت، ئاگری بەرداوەتە سۆشیاڵ میدیای باشووری کوردستان.

مەسەلەن چ گرنگییەکی تێدایە موستەفا کازمی وێنەی بڵاو ببێتەوە لە فڕۆکەیەک دادەبەزێت، یان بە تەنیشت نەخشەیەکی خاکی عێراقەوە خەیاڵی بردوویەتییەوە، یانژی دەست لە سەر سەری منداڵەکانی ھیشام ھاشمیدا دێنێت کە ئەو میلیشیایانە کوشتیان و موستەفا کازمیش توانایانی نییە.

ئێمەی کورد و بەتایبەتیش باشوورییەکان، ڕەنگە لەو دونیا مۆدێرنەتە و سەردەمی تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا ھەیە، لەو میللەتانە بین کە ساویلکەییمان لە پلەی باڵایەدایە، چونکە پەیام و قسەی یەک تاکە کەس لەو سۆشیاڵ میدیا، ڕەنگە بتوانێت نیوەی ئەو کۆمەلگەیە بباتە سەر زێیەکی گەورە و قومێک ئاویشی نەداتێ.

ھەموو ڕۆژێک چەند کەسێکی بێ مۆڕال و بێ ھیچ ئینتیمایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەونە بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و زانیارییەک کە لە وانەیە لەسەر میزاجی کەسێک و لە نۆتی موبایلەوە بۆ پەیجە پارەدارکراوەکانی ناردبێت! لەوێشەوە بەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەھا پەرش و بڵاو دەکرێنەوە کە خزمەتی دوژمن نەبێت، یەک شتی دیکەی پێ ناکرێت.

دەی خۆ ناھەقیشییان نییە، چونکە میللەتێک لێرە ھەیە لە پەیجێک بۆی بنووسە موستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی کردووە بە ماڵێکدا و خوازبێنی کچەکەیانی کردووە بۆ کوڕە گەنجێک، بەڵێنیشی داوە تەواوی خەرجی ئاھەنگەکەی لە ئەستۆ بگرێت، ئیتر بەسە بۆ ئەوەی تا ساڵێکی دیکە ئەو قەوانە لێ بدەنەوە. بەسە بۆ ئەوەی لە چەند دەقەیەکدا سۆشیاڵ میدیای باشووری کوردستان سەرۆکی ئەو عێراقەی یەک ڕۆژ بەبێ تەقە و کووشتن و بڕین نییە، ببێتە پاڵەوان!

بۆ وێنەگرەکەی موستەفا کازمیش کە دەڵێن گەنجێکی کوردە، خەریکە لە سەرۆکوەزیرانەکە سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت و لێرە و لەوێ، پۆست و دەیان ڤیدیۆی لەسەر دروستدەکرێت. لەوەشی وەک کارێکی رۆژنامەنووسی و ھونەرییانە دەیکات، دەستی خۆش بێت، بەڵام وێنەی موستەفا کازمی کە لە فڕۆکەدا ڕۆژنامەیەک دەخوێنێتەوە بە من و تۆ چی!

ئاخر جیاوازی نێوان موستەفا کازمی و حەیدەر عەبادی چییە؟ کە دەڵێن “چ کەچەڵ حەسەن چ حەسەن کەچەڵ” تۆیش بزانە بۆ ئێمە ھەر کەچەڵەکان!

ئیتر کە تۆ نایزانیت موستەفا کازمی ئەو کاتە دەبێتە پاڵەوان کە بەبێ ترس ماف و بودجەی تۆ بنێرێت. بۆ گەلی عێراقیش ئەو کاتە کارێزمایە کە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە نەھێڵێت، یان بتوانێت بۆ مانگێکیش بێت میلیشیاکان بخانە ژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەت و وەک ئەتاری درایڤەر ھەموو ڕۆژێک بەسەر پشتی ماتۆرسکیلێکەوە ڕۆژنامەنووس و سیاسی و شرۆڤەکارێک نەکوژرێت.

ھەواڵی زیاتر