سوهراب پورنازری حاشا لە کوردبوونی خۆی دەکات

هونەرمەندی میوزیکژەنی بەنێوبانگی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوهراب پورنازری، لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوادارانی تووشی سەرسوڕمان دەکات، کاتێک دەنووسێت” من (کۆرد)ی کرماشانم نەک کورد”.

سوهراب پورنازری لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی”هەر بژی ئێران، من “کۆرد”ی کرماشانم نەک “کورد” و شانازی بەڕەگ و ڕیشەی خۆمەوە دەکەم. ناوبراو بەشێوەیەکی زیرەکانە دەستەواژەی (کۆرد)ی لەگەڵ ناوی (کورد) بەکارھێناوە، (کۆرد) دەستەواژەیەکی مۆسیقییە و بە واتای یەکگرتنی چەند تۆنێکی مۆسیقا دێت.

پورنازری لە درێژەی ھەڵگەڕانەوەکەی لەکوردبوونی خۆی، نووسیویەتی «ڕیشەی من لە خاکی پاشای مەزن (خەسرەو پەرویز)ی ساسانیدایە و من میراتگەری “ئێرانی کۆنم.

ئەم گۆرانیبێژە ھەڵگەڕاوەیە کە زیاتر بەهۆی رەچەڵەکەکەیەوە لە کوردستان خۆشیان دەویشت و بە گەنجێکی بەهرەمەندی کوردی کرماشان ناسراوبوو، تەنیا بەوە دڵی ئاو ناخواتەوە کە حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات، بەڵکو دەشنووسێت “هەموو کۆردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت “ئێرانییە” چ لە عێراق و سوریا و تورکیا و چ لە هەر شوێنێکی ئەم گۆ خاکییە، من و هاوڕیشە هوشیارەکانم تا دوایین هەناسە، پاسەوانی لە ئێران و کلتورەکەی دەکەین و زمانە فارسییەکەی دەپەرەستین و سوپاسی ئەو خودایە دەکەین کە گەورەترین لوتفی خۆی پێشکەشی ئێمە کردووەو لەم کلتورەدا بەدنیای هێناوین.

سوهراب پورنازری، زمانی کوردی بە میراتگری زمانی فارسی ناودەبات و دەشڵێت”شانازی بەزمانی کۆردییەوە دەکەم کە میراتگری زمانی فارسی ناوەڕاست و فارسی سەردەمی کۆنە، هاوڕیشە دلێرە کوردەکانم وەرەن با نەبین بە مەقاشی سیاسەتە جودایی خوازەکانی ئینگلیس و ئەمریکا و ئیسرائیل. بەڕادەیەکی زۆر لەم یەک سەد ساڵەدا لەیەک دووریان خستوینەتەوە، ئێرانەکەمان با بەتەنها جێ نەهێڵین”.

سوهراب پورنازری کوڕی کەیخەسرەوە پورنازری، ساڵی 1983 لە کرماشان، لە دایک و باوکێکی کورد لەدایک بووە، تەنبوور و کەمانچە دەژەنێت، میوزیکی بۆ چەندین هونەرمەندی نێودار ژەندووە، لەوانە محەمەد ڕەزا شەجەریان و شوجاعەت حوسێن خان، هەروەها لەگەڵ گرووپی میویزیکی کامکارانیش کاری هاوبەشیان کردووە. ماوەیەکیش سەرپەرشتیاری گرووپی هونەری نیشتمان بووە و وەکو دەنگبێژ و میوزیسیانیش لەگەڵیاندا بووە کە سەرجەمیان بە پۆشاکی کوردییەوە کاری هونەرییان دەکرد.

پورنازری لە ساڵی 2016 سەردانی باشووری کوردستانی کرد و بەهۆی ئەوەی وەکو کوردێک ناسێنرا، هاووڵاتییان پێشوازییەکی نموونەییان لێ کرد و چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی میدیاییشی بۆ رێکخرا، بەڵام بەم ھەڵوێستە نوێیەی کە حاشا لە کوردبوونی خۆی دەکات، ھەوادارە کوردەکانی خۆی تووشی سەرسوڕمان کرد.

ھەواڵی زیاتر