لەماوەی رابردودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوەو لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتونەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا، لەسنوری قەزای کفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی( محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ دراوەتەوەو تیرۆریستان راونران. جارێکی تر دوپاتی دەکەینەوە، کە تیرۆرستان جوڵەو بزاوتەکانیان زیادبووەو لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوەو، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن.
لێرەوه جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.
بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی هەمولایەکە.
پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدی سەنگەری بەرگری نیشتمان (محسن حسێن گەرەوەیی) دەکەین و پەروەردگاری میهرەبان سەبووری هەموو لایەک بدات.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
12 ی ئایاری 2021