کچێکی کورد دەگاتە قۆناغی کۆتایی کێبڕکێی باشترین مۆدێلی ئەڵمانیا

سۆلین عومەر، کچێکی 20 ساڵانی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو لە کێبڕکێی بوونە باشترین مۆدێلی ئەڵمانیا (Germany’s next Topmodel) بەشدارە و گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

کێبڕکێکە لەلایەن هایدی کلۆم، خانمە مۆدێلی بەناوبانگی جیهانی سەرپەرشتی دەکرێت کە لە ساڵی 2006ـەوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 15 زنجیرەی ئەو کێبڕکێیە بەڕێوەچووە.

کێبڕکێکەی ئەمساڵ کە سۆلین عومەر بەشدارە، 16ـەمین گەڕی ئەو کێبڕکێیەیە. یەکەم زنجیرەی کێبڕکێکەش لە 25-1-2006 بوو. هەموو شەوانی پێنجشەممەیەک لەسەر شاشەی کەناڵی پرۆ 7 (ProSieben) زنجیرەکە پەخشدەکرێت.

هایدی کلۆم لەگەڵ لیژنەی دادوەری کە ئەندامانی لیژنەکە لە هەمانکاتدا راهێنانیش بە کچە مۆدێلەکان دەکەن، باشترینەکان هەڵدەبژێرن. بۆ سەرکەوتن، دەبێت کچە بەشداربووەکانی زنجیرەکە لە چەندنین تاقیکردنەوە و قۆناخی سەخت دەرباز ببن.

ئەمساڵ یەکێک لە بە‌‌هێزترین بەشداربووەکانی کێبڕکێکە کچێکی کوردی خەڵکی عەفرینە. سۆلین ساڵی 2000 لەدایکبووە و لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی تورکیا بوونە و پاشان لە ساڵی 2014 چوونەتە ئەڵمانیا لە شاری هامبۆرگ دەژین. سۆلین زوو لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانی خۆی گونجاندووە و فێری زمانی ئەڵمانی بووە.

ئەو کچە کوردە جگە لە زمانی دایک کە کوردییە، پێنج زمانی دیکەش دەزانێت کە بریتین لە: ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی، ئەڵمانی و فەرەنسی.

سۆلین ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین مۆدێلی ساڵ لە ئەڵمانیا. ئەگەر سۆلین خەڵاتەکە بەرێتەوە. 100 هەزار یۆرۆ و ئۆتۆمبێلێکی نوێی پێدەدرێت. هاوکات چانسی ئەوەی دەبێت کە گرێبەست لەگەڵ باشترین براندەکانی جیهان واژۆ بکات.
رووداو

ھەواڵی زیاتر