هاوپەیمانان گوژمەیەک پارەیان بۆ مووچەی مانگانەی لیواکانی پیادە دابینکرد

لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی، کە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابینی دەکەن، بەشێکی دیکە لەکۆمەک و هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی میرەی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
لەوبارەیەوە، کۆڵۆنێڵ ویل دایڤس راوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، هێزەکانی هاوپەیمانان، بە چەند بەشێک هاوکاری و پاڵپشتی دارایی و لۆجستیی پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.
ئەم هاوکارییانە لەچوارچێوەی پڕۆگرامی راهێنان و پڕچەککردن بۆ لە ناوبردنی داعش بووە، بۆ مەبەستی شکستی بەردەوام و کۆتایی هێنان بە داعش لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق.
وردەکاری ئەو یارمەتییە پێکهاتوە لە گوژمەیەک پارە، بۆ مووچەی مانگانەی پێشمەرگەی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و کەل و پەلی شەڕکردن.
وتیشی: فەرماندەی هەر یەکەیەکی سەربازی، کە کەل و پەل و پێداویستی، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی پرۆگرامی راهێنان و پڕچەککردن بۆ لە ناوبردنی داعشەوە پێدرابێت، پشکنینی ئەمنی و لێکۆڵینەوەی تەواوی بۆ ئەنجام دراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، لەبوارەکانی پەیوەندی بە تیرۆر و گەندەڵیەوە.
هەروەها وتی: ئامانج لەو کۆمەک و هاوکارییانە، بەهێز کردنی تواناکانی هێزەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان، کە ئەمەش پرۆسەیەکی بەردەوامە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەردەوام لەو رێگایەوە، دەیانەوێت کۆمەک و هاوکاری پێشکەش بە لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.
دواتر ئەوکەرەستانەی، وەک هاوکاری هاتوون، لە پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامدا، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌سه‌ر لیواو یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش دەكرێ.
له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌مید روكن ئه‌میر كه‌ریم خوڕشید به‌ڕێوه‌به‌ری میرەی سەربازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، سوپاسی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی كردو رایگه‌یاند: ئه‌وان به‌ گرنگیه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و هاوكاریانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دەدرێن بە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.
گوتیشی: هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان گرنگ و پێویسته‌، بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌ك بتوانن هێزێكی تۆكمه دروست بكەین، بۆ ‌روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش.
هاوكات موقەده‌م فه‌رمان زراری جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری میرەی سەربازی وتی: هه‌ر هاوكارییه‌ك لەلایەن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌گوێره‌ی پلانێكی پێویست و نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو به‌ فه‌رمانی وه‌زارەتی پێشمه‌رگە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی میرەی سەربازی، به‌سه‌ر لیوا و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی وه‌زارەتمان دابه‌شده‌كرێت.

ھەواڵی زیاتر