ئێران: ھەرکەس دەستی لە کوشتنی سولەیمانیدا ھەبێ سزا دەدرێ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەرکەس راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی لەو کوشتنە هەبێت باجەکەی دەدات.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە راپۆرتەکەی یاھوو نیوز لەبارەی وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس رایگەیاند: “ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە هەر وڵاتێک بن و دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت، بێگومان بەرپرسایەتیی تاوانەکەیان لە ئەستۆدایە و لەڕێی رێکارە پەیوەندیدارەکانەوە رێکاری تایبەتی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر”.
خەتیب زادە دەڵێ: زۆربەی ئەو راپۆرتانە لای ئێمە ئاشکران و لە راستی و دروستییەکانیان دەکۆڵینەوە. رێڕەوی دۆسیەکە لە دەزگای داد و گفتوگۆ دوولایەنە سیاسی و ئەمنییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدواداچوونی بۆدەکرێت.