شاڵاو کۆسرەت: هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان نەبوون

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نامەیەک بۆ ڕێباز بێرکۆتی دەنووسێت و دەڵێ:” بەداخەوە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەک لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون”.
شاڵاو کۆسرەت لە نامەکەیدا بۆ ڕێباز بێرکۆتی دەشڵێ: بەداخم کە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەکەمان جەنابتی تێدا نییە، لە کاتێکدا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لە هەولێر پێویستمان بەکەسایەتی جەنابت و پەیوەندییەکانت بوو، بوونی تۆ دەبووە مایەی سەرکەوین و بەخشینی ورەیەکی بەهێز پێمان، بەداخەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەک لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون ئەم دۆخەی دروست کرد، هیوادارم هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتوو بێت و هیچ شوێنێک نەکرابێتە قوربانی شوێنێکی ترو براوەی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.

برای بەڕێزم کاک ڕێباز بێرکۆتی
سڵاوێکی گەرم
هیوام هەمیشە باشیتە.
ئەم نامەیەت ئاراستە دەکەم و لەڕێگای ئەم نامەیەوە دەمەوێت سوپاسگوزاری خۆمت ئاراستە بکەم، کە هەمیشە لە ژیانتدا پێشەنگی هەڵوێست و جوامێری بوویت، لە خەباتی شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتیتدا هەمیشە وەک فەرماندەیەکی قارەمان و دڵسۆزو چاونەترس لە پێشی پێشەوەی سەنگەرەکان بوویت و نەبەردانە بەرگریت لە هەڵوێستەکانت کردووە، لە خەباتی شاردا و لە پرسە چارەنووسسازە سیاسییەکاندا هەڵوێستەکانت هەمیشە جێگای تەقدیرو ڕێز بوونەو یارو نەیار سەرسام بوونە بە هەڵوێستە مەردانەکانت.

برای بەڕێزم کاک ڕێباز بێرکۆتی
بەداخم کە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەکەمان جەنابتی تێدا نییە، لە کاتێکدا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لە هەولێر پێویستمان بەکەسایەتی جەنابت و پەیوەندییەکانت بوو، بوونی تۆ دەبووە مایەی سەرکەوین و بەخشینی ورەیەکی بەهێز پێمان، بەداخەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەک لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون ئەم دۆخەی دروست کرد، هیوادارم هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتوو بێت و هیچ شوێنێک نەکرابێتە قوربانی شوێنێکی ترو براوەی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.

دووبارە لەڕێگای ئەم نامەیەوە سوپاسی خۆمت ئاراستە دەکەم کەهەمیشە هەڵوێستەکانت پەپێناو بەرژوەندی گشتی بووەو بەرژەوەندی خۆت وەلاناوە.
برات
شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ

ھەواڵی زیاتر