پهيامێك له سهرۆكى ههرێمى كوردستانهوه
كاژێر (12:30) شەوی ڕابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
ئێمە چەندین جار حكوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوودوەرگرتن لە بۆشاییيە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگادار كردووەتەوە. هێرشی شەوی ڕابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعشدا.
لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بە خێرایی كار بكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكار نەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بە شێوەیەكی خێرا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/5/1