بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون . پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم .
وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە ، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق ، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە . بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە . هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/5/1