روونکردنەوە لەبارەی سەمای سەر شەقامی سەھۆڵەکە دەدرێ

خاوەنی ”جان کافێ” لە شەقامی سەھوڵەکەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لە بارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی سەماکردن لەبەردەم کۆشکەکەی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکە هاتووە: ”ئەم ئێوارە کاتژمێر هەشت، کوڕ و کچێکی بە رەگەز مەکسیکی لە ناکاو لە نزیک (جان کافێ) دەستیان بە سەما کردن کردووە، بۆ ھەموو لایەکی رون دەکەینەوە، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە: ”بەداخەوە لە پاش ئەم رووداوە دەیان کەس بە نامەو راستەوخۆ ھەڕەشەیان لە ئێمە کردووە. بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین، بە ئەرکی خۆیان ھەستن”.

ئەوەشی روونکردووەتەوە: ”لەگەڵ ئەوەشدا بە مافی خۆمان نەزانیوە کە ھیچ رێگرییەک لە سەما کردنەکەیان بکەین، چونکە شەقامێکی گشتییە، ئێمە مافی رێگری ھیچ جوڵە و ئاکارێکی خەڵکیمان نیە”.

ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دوو گەنج سەمای ”لاتینی” لە شەقامی سەهۆڵەکە دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر