لە هەولێر باندێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 10 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە راگەیاندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “دوای بەدواداچوونێکی وردی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بۆ گرووپێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لەشاری هەولێر شەوی 16ی4ی2021، لە هەڵمەتێکی چەند کاتژمێریدا توانرا گروپێکی 9 کەسی دەستگیر بکرێت، کە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکانن بەناوەکانی (ه، ر، أ)، (ر، خ، و)، (ز، ق، ج)، (ه، خ، ش)، (ك، إ، ح) و (س، ح، خ) و (غ، ع، خ)، (ع، أ، ش) و (د، ع، م)”.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “لەکاتی دەستگیرکردنیان توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕی دوو کیلۆ و 569 گرام هێرۆین، بڕی یەك کیلۆ و 375 گرام کریستاڵ، بڕی 984 گرام حەشیش، بڕی 680 گرام تلیاك، بڕی 580 گرام جامایکا، شایەنی باسکردنە ئەم گرووپە سەرچاوەی دابەشکردنی ماددەهۆشبەرەکان بوون لەشاری هەولێر و ڕۆڵەیەکی زۆری هەرێمەکەمانیان ئالوودەی ماددەهۆشبەرکان کردووە”.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان روونیشیکردووەتەوە، “لە چالاکییەکی دیکەدا ئەمڕۆ شەممە 17ی4ی2021، هێزەکانمان بەهاوکاری بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حاجی ئۆمەران سەر بەبەڕێوەبەرایەتیەکەمان توانیان لە نزیك بەستۆرە تۆمەتبارێك بەناوی (ب، ح، أ) دەستگیر بکەن و بڕی سێ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك پێگیرا”.
جەختیشکراوەتەوە، کە تۆمەتبارەکان بەپێی یاسای 25ی ماددەهۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردام دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.

ھەواڵی زیاتر