عێراق مەرجی گەشتکردن بۆ ئێران رادەگەیەنێت
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی، ڕۆژیی یەکشەممە 11ی تەمووز، ئەو مەرجانەی ئاشکرا کرد کە دەبێت لە هەر گەشتیارێکی عێراقیدا هەبێت، لە کاتی گەشتکردنی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە هێڵی ئاسمانی عێراقی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، “ڕێگە بە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەدرێت گەشت بکەن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەڵگری مافی مانەوەن لەو وڵاتە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ڕێگە بەو کەسانەش دەدرێت کە گرێبەستێکی هاوسەرگیری پەسەندکراویان لەگەڵ ژنێکی ئێرانی هەیە، هەروەها ڕێگە بەوانەش دەدرێت کە بە راپۆرتی پزیشکیی سەلمێنرا بێت نەخۆشییەکی ترسناکی هەیە”.
هێڵی ئاسمانی عێراقی ڕاشیگەیاند، ڕێگە بە سەرجەم بریندارانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەدرێت گەشت بکەن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەروەها هەر بازرگانێک ڤیزای بازرگانی هەبێت، ڕێگەی پێدەدرێت گەشت بۆ ئێران بکات.