كازمی: قۆناغێكی نوێ بەڕێوەیە

سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەپاش بۆشاییەکی سیاسی و ململانێیەکی توندی (ئەمریکی – ئێرانی) لەناو شەقامی عێراقیدا و لەپاڵ ناڕەزایەتیەکی جەماوەریی بەرفراوانەوە هاتە دەرەوە و پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت.

ئەو بەگوڕو تینەوە رێگای “چاکسازی”یەکی دەوڵەتیی گرتوەتەبەر و جموجوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و سەروەرکردنی یاساو سەلماندنی سەربەخۆیی وڵات دەستپێکردوە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم رێگایەی کازمی چارەنوسی بەکوێ دەگات، سەرکەوتن، یاخود تێکشکانێکی قورس لەبەردەم تاشە بەردەکانی نفوزی دەوڵەتی قوڵ لە عێراقدا؟ 

ئێستا لەبەردەم حکومەتەکەی کازمیدا چەند مەلەفێکی گرنگ هەن لەوانە: مەلەفی گروپە چەکدارەکان و پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاستی خزمەتگوزرای و ناڕەزایەتیەکانی شەقام و چەند مەلەفی دیکەش.

گروپە چەکدارەکان و بابەتی سەروەریی وڵات

 
مەلەفی گروپە چەکدارەکانی “مقاوەمە”ی شیعە مەزهەب، کە ئێران پشتگیریان دەکات و وەک هەڕەشەیەک دادەنرێن لەسەر بونی ئەمەریکیەکان لە عێراق، یەکێکە لەو مەلەفە هەستیارانەی پێویستە کازمی لەماوەی دەسەڵاتەکەیدا چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، هەر بەهۆی ئەم مەلەفەشەوەیە کازمی لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە بە ئاشکراو بە جامی پڕەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام ئایا کازمی دەتوانێت ئەم مەلەفە کۆتایی پێبێنێت، لەکاتێکدا ئەو گروپانە پێگەی جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ومەزهەبی خۆیان هەیە و دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئێرانیش لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنوریانە و پشتیوانیان دەکات؟

ھەواڵی زیاتر