ئایا دەوڵەت دەتوانێ بازرگانی بکات؟
ئایا دەوڵەت دەتوانێ کاری بازرگانی بکە؟ بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی لەلایەن دەوڵەتەوە گرنگە؟
کاری بازرگانی تا ئێستا پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ نەکراوە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەو کارانەن کە مەبەست لە ئەنجامدانیان بە دەست هێنانی قازانج و زیاد کردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانە، کاری بازرگانیش لە یاسا دیاری کراوە وەک کاری دابین کردن و هەناردەکردن و هاوردەکردن و کاری پیشەسازی… هتد.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەکردنی مادەی خام دەبەسترێ بەتایبەتی نەوت بۆ دابین کردنی پێداویستی ناوخو، کە بەشی زۆری ئەو داهاتە بۆ مووچە دەڕوا و دەوڵەت دووبارە نایخاتە گەڕ و لە کاری بازرگانی بە کاری ناهێنێ.
ئەو پرسیارەی کە هەمووان دەمانەویێ وەڵامەکەی بزانین ئەوەیە، ئایا هەناردەکردنی نەوت دەچێتە ژێر ستانداردی رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی؟ لە وەڵامدا دەڵێین نەخێر ناچێتە ژێر ستانداردی ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی لە بەرئەوەی مادەی خامە و دیاریکردنی نرخی نەوت لە دەسەڵاتی دەوڵەت نییە بەڵکو لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نرخەکەی دیاری دەکرێت و ڕێژەی هاوردەکردن کۆنترۆڵی نرخی نەوت دەکات لە بازاڕی جیهانیدا بۆیە بەردەوام جێگیر نییە، جێگای پشت بەستن نییە بۆ نمونە رێکخراوی ئۆپیک رۆڵێکی کاریگەر دەگێرێت لەم بوارەدا، بۆیە دەبێت دەوڵەت پەنا بۆ کاری تری بازرگانی ببات بە تایبەتی کاری پیشەسازی چونکە دەبێت دەوڵەت پێشبرکێی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی تر بکات لە رێگای زیادکردنی بەرهەمە دروستکراوە ناوخۆییەکان و زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن بۆ ئەوەی بگاتە ستانداردی ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی و بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و پێشبرکێی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان بکات.
لەڕۆژگاری ئێستاماندا دەوڵەتیش وەکو هەر کەسایەتیەکیی تری یاسایی لە پێناو دابین کردنی پێداویستی گشتی و بەرژەوەندی گشتی دەتوانێ بێتە ناو کاری بازرگانی وکاری بازرگانی بکات وەك پیشەسازی ، بیمە، گواستنەوە، هاوردەکردن ، هەناردەکردن و کردارە بانکییەکان، … هتد ، هەروەها ئەگەر سەرنج بدەین پێشتر کارگەی مافور و جگەرە لە کوردستان هەبوو پێداویستی ناوخۆیی بە شێوەیەکی باش دابین دەکرد ئەگەر گرنگی پێدرابا تا ئێستا بەرهەمی زیاتر بەردەست دەبوو و دڵنیام هەناردەی دەرەوەش دەکرا.
لێرەدا پرسیارێکی تر دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە، ئایا دەوڵەت ملکەچی یاسای بازرگانی دەبێت؟ بەڵێ دەوڵەت یاسای بازرگانی لەسەر جێ بەجێ دەبێت وەك هەرکەسێکی یاسایی تر..
بەڵام دەربارەی ئەو پرسیارە ئایا دەوڵەت دەتوانێ ببێت بە بازرگان یاخود نا؟ لە وەڵامدا دەڵێین دەوڵەت نابێتە بازرگان چونکە بۆ بەرژەوەندی گشتی کاری بازرگانی ئەنجام دەدات و ملکەچی سیستەمی مایەپووچبوون نابێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین پێویستە دەوڵەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بیر لە سەرچاوەی تری داهات بکاتەوە، هەروەها بێتە مەیدانی ئەنجامدانی کاری بازرگانی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.
عەلی کانی
مامۆستای زانکۆ
پسپۆر لە بواری یاسای بازرگانی