بە پێی ماڵپەڕى دەیلى مەیڵ، کۆمپانیایی فڕۆکەوانىKELLEY AEROSPACE سەنگاپوورە یەکەم درۆنى دەنگبڕى شەڕکەرى بەناوى ئەراو (ARROW) دروستکردووە کە دەتوانێت چەند ئەرکێکى شەڕکردن و چاودێریکردن جێبەجێ بکات.
ئەم درۆنە دەتوانێت بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى خۆى ئاراستە بکات، هاوکات لە دووریشەوە لەلایەن فڕۆکەى جەنگییەوە ئاراستە دەکرێت.
ئەراو، دەتوانرێت چەندین چەکى لێ ببەسترێت بەشێوەیەک کە چەند ئەرکێکى جیاواز جێبەجێ بکات. نرخى ئەم درۆنە، بە پێى ئەو خاسییەتانەى کە تێیدایەتى لەنێوان 9 ملیۆن بۆ 16 ملیۆن دۆلارى ئەمریکییە.
ئەم درۆنە لە کاربۆن فایبەرى سووک دروست کراوە، ئەمەش وای لێدەکات بەربەستى دەنگ ببڕێت. هاوکات، بەشێوەیەک نەخشەکێشراوە کە رادار و تیشکى خوار وەنەوشەیی تیادا دانراوە.
ئامانجى سەرەکیش لە دروستکردنى ئەم درۆنە تەواوکردنى ئەرکى فڕۆکەوانەکانە، بەشێوەیەک هەر فڕۆکەوانێک دەتوانێت لە دوورە و لەناو فڕۆکەکەیەوە چەند درۆنێکى لە جۆرى ئەراو کۆنتڕۆڵ بکات و بۆ ئەرکى جیاوازى شەڕکردن بەکاریان بهێنێت.
ئەراو دەتوانێت بەشێوەیەکى سەربەخۆیانە بفڕێت، یاخود لە رێگاى وێستگەى زەمینییەوە ئاراستە بکرێت.