ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عێراق

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،كاروانی یەكەمی ڤاكسین له‌ وڵاتی چینه‌وه‌ گه‌یشته‌ عێراق و بڕیاریشه‌ له‌ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی بكرێت.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م قۆناغی ژه‌مه‌ ڤاكسینی سینۆ فارمی چینی گه‌یشته‌ عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا حه‌سه‌ن ته‌میمی وه‌زیری ته‌ندروستی باڵیۆزی چین له‌ عێراق و فه‌ریق محه‌مه‌د به‌یاتی سكرتێری تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عێراقی پێشوازیان لێكرد.

وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، سوپاسی حكومه‌ت و خه‌ڵكی چینی كرد بۆ هاوكاریه‌كه‌یان و راشیگه‌یاند، له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كۆماری گه‌لی چین له‌ عێراق ڕێككه‌وتن كراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌په‌له‌ 2.000.000 (دو ملیۆن) ده‌رمانی ڤاكسینی سینوفارم بۆ عێراق دابینبكرێت، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێكه‌وتنی كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ڤاكسین بۆ زۆرترین رێژه‌ی هاوڵاتیان.

سه‌باره‌ت به‌شكی هه‌رێم له‌و ڤاكسینه‌ ، ئاسۆ حه‌ویزی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی له‌راگه‌یه‌نراویكدا وتی: لەو ڤاكسینەی كە عێراق وەریدەگرێت پشكی هەرێمی كوردستانیش دەدرێت، ئێمە داوامانكردوە بەرێژەی 20%ی ڤاكسینەكەمان پێبدرێت.

ھەواڵی زیاتر