وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “رێژەی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە” و بۆیە بڕیاریانداوە رێکارەکان تووند بکەنەوە.
وتەبێژی حکومەت داوا لە فەرمانگە و هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن. رێکارەکان تاوەکو 10-3-2021 دەبێت و دوای ئەو بەروارە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ دەردەکات. یەکێک لەو بژارانەی کە خراوەتەڕوو ئەوەیە ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ناوەندەکانی خوێندن رێکارەکانی خۆپارێزی تێیاندا تووند دەکرێتەوە.
جووتیار عادل وتی، “بڕیارماندا خوێندن بەردەوام بێت”. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێر 12:00ـی شەو تا 06:00ـی بەیانی شوێنە گشتییەکان دادەخرێن. د. جووتیار عادل داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد، هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەنەبەن.
“ئەوەش لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانیان.” وتی، ئەوان دۆخی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاوگرتووە، بەڵام “دۆخەکە بەڕاستی مەترسیدارە و… ئەگەر هاووڵاتیان پابەند نەبن، ئەوا رەنگە رێکارەکان تووندتر بکرێنەوە، ئەوەش هەموو ئەگەرێک لەخۆ دەگرێت”.