هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە و ترس هەیە گرووپە چەکدارەکان لە تۆڵەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی هەینی بۆ سەر چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە رۆژهەڵاتی سووریا، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.
فەرماندە وەین مۆراتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە رووداوی وتووە، “بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی هۆشیاریمان بەرزکردووەتەوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هێزانەی لە ناوچەکەدا بڵاومانکردوونەتەوە.”
مۆراتۆ ئاماژەی بەوە کرد، “هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی پاڵپشتیی پێویست بە هاوبەشەکانمان بۆ ئەوەی دڵنیابین تێکشاندنی یەکجارەکیی داعش بەدەستدەهێنین.”
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە فۆکس نیوزی ئەمریکیان گوتووە، بەڵێندەران لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد، ئەو شوێنەی هەفتەی رابردوو بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج، هۆشدارییان پێدراوە و بە وریاییەوە کاردەکەن.
هاوکات وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێ “بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئامادەییەکی رۆتینییە و هاوپەیمانان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە جیاوازەکان دەیگرنەبەر.”
ئەو سەرچاوانەیشی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە و بۆ فۆکس نیوز قسەیان کردووە، دەڵێن، “پارێزگاریکردن لە هێزی هاوپەیمانان کاری لەپێشینەیە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریش کارێکی ژیرانە و لەجێیە.”