لە ئەنجامی شەڕەکەی ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجەی سلێمانی کە لە نێوان هێزێکی پێشمەرگە و ئاسایشدا روویدا، شەش کەس برینداربوون، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە.
زانیاریی لەبارەی هۆکاری شەڕەکە.
پاش یەکلایی بوونەوەی دەزگای ئاسایش بۆ باڵی لاھوری شێخ جەنگی و خانەنشینکردنی بەڕێوبەری پێشووی دەزگاکە کە سەر بە بافڵ تاڵەبانی بوو، لە بازگەی تاسڵوجەی سلێمانی شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی شێخ جەعفەر(جێگری سەرۆکی ھەرێم) و کارمەندانی ئاسایشی بازگەکە ڕوویدا.
ئەم ئاڵۆزییانە پاش ئەوە دێن کە بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی دابوو ئارامی و ئاسایشی سلێمانی بپارێزن و شەڕ و ململانێ لە کەس قەبووڵ نەکەن، بەڵێنەکەی بافڵ پاش ئەوە ھات کە کوڕی قادر عەزیز کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە کە لە سەر باڵی لاھوور حیسابە، تەقەی لە ئەفسەرێکی پێشمەرگەکردبوو، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سوور دەبێت لەسەر ئەوەی بدرێت بە دادگا و باڵی لاھور شێخ جەنگی ڕێگری دەکەن.
سەرچاوەیەک لەو حیزبەوە بە باڵکێشی ڕاگەیاند: ئەو ئەفسەرەی کە کوڕەکەی قادر عەزیز تەقەی لێ کردبوو، سەر بە ھێزەکانی شێخ جەعفەرە و ئەم ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ ١٠/٢/٢٠٢١ی بازگەی تاسڵوجەیش کاردانەوەی ئەو ڕووداوەیە.