سلێمانی.. چوارده‌ تۆن باینجانی خراپبوو له‌ناوده‌برێت

موعته‌سه‌م حامید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی عه‌لوه‌ی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگەیاند: له‌نێو ئۆتۆمبێلێكی داخراودا ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر بڕی (14)تۆن باینجانی خراپبوودا، ده‌ستبه‌جێ ته‌واوی ئه‌و باینجانه‌ له‌رێی لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوبراوه‌.

وتیشی: ئه‌و باینجانه‌ له‌ ده‌روازه‌ی باشماخه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نه‌كه‌ی ویستوویه‌تی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی ناوه‌راست و خواروی عیراقی بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر ماوه‌ته‌وه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ش ساردكه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ ته‌واوی باینجانه‌كه‌ خراپ بووه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ بڕیاری قائیمقامی سلێمانی له‌ناوبراوه‌ و رێگه‌ی پێنه‌دراو له‌ بازاڕه‌كاندا ساغ بكرێته‌وه‌ یان ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی تری بكات.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی عه‌لوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رۆژانه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانێكی زووه‌وه‌ لیژنه‌كه‌یان له‌ نێو عه‌لوه‌ی سلێمانی چاودێری هه‌موو ئه‌و خۆراك و سه‌وزه‌ و میوانه‌ ده‌كات كه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشوری عیراق ده‌كرێت.

ھەواڵی زیاتر