ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەرانە محەمەدی، شاعیری لاوی خەڵکی بانەیان ڕفاندووە و هەڕەشەی بڕینی زمانیان لێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو ١١ی١ی٢٠٢١ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانە شاعیر و نووسەری لاوی کورد تەرانە محەمەدی ناسراو بە (تەنیا)یان ڕفاندووە و بردوویانە دەرەوەی شار و وێرای سووکایەتی و بێڕێزیپێکردن، یەکێک لەوان کە بە زمانی فارسی قسەی کردووە هەڕەشەی بڕینی زمانی لە تەرانە کردووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە کەسێکی نزیکی بنەماڵەی تەرانە محەمەدی کە بەهۆی ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت، ڕای گەیاندووە تەنیا به بنەماڵەکەی گوتووە: “ئەوان (هێزە ئەمنییەکان) چوار کەس بوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVM بە ڕەنگی سپی و جامڕەشیان پێ بووە و ڕاست لە بەر ماڵەکەمان تەلیسان بەسەرمدا کرد و خستوومیانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە و بردوومیانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشەلێکردن، دیسان تەلیسەکەیان بەسەرمدا کێشایەوە و هێناماییانەوە لە گەڕەکێکی نزیک گەڕەکەکەی خۆمان دامیانبەزاند”.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕای گەیاندووە تەنیا محەمەدی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە ڕەقەمی نەناسراو هەڕەشەی لێ کراوە و چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامیی بانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
ڕفاندنی ئەو کچە شاعیرە دوای ئەوەی بووە کە تەرانە لە لایڤێکی ئینیستاگرامی لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی گوتبووی “شێعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم” و لە وەڵامی هیلا سدیقیدا گوتبووی “مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئێوە خۆتان بە ئێرانی نازانن، بەڵکوو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن” تەرانەش گوتبووی ” بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم”، هەروەها بەشداری لە لایڤێکی ئینیستاگرامی هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامیدا کردووە.
تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکارە لە زانکۆی مەهاباد و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە.
تەرانە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە شیعر دەنووسێت و لەنێو توێژی لاودا خاوەن پێگەیە. شیعرەکانی ناوبراو زیاتر لەبارەی مافی نەتەوەیی کورد، مافی ژنان، منداڵان، هەروەها دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو بەشوودانی زۆرەملێیە.