وێستگه‌یه‌كی 200 كیلۆواتی به‌رهه‌مێنانی كاره‌با له‌وزه‌ی خۆر داده‌مه‌زرێنرێت

وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ سوود وه‌رگرتن له‌به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌وزه‌ی خۆر كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت وێستگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای 200 كیلۆواتی له‌وزه‌ی خۆر بۆ كارگه‌یه‌كی سه‌ر به‌كۆمپانیاكه‌ی داده‌مه‌زرێنێت.

كۆمپانیای ئاڵا له‌ناوچه‌ی بازیان وێستگه‌یه‌كی كاره‌بای وزه‌ی خۆر بۆ كارگه‌ی ئاوی سلێمانی داده‌مه‌زرێنێت كه‌ له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا توانای به‌رهه‌مهێنانی 200 كیلۆوات كاره‌بای هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی 10% بۆ 15%ی كاره‌بای پێویستی كارگه‌كه‌ دابین ده‌كات.

سالار حسام الدین، به‌رێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی سه‌ردانی كارگه‌كه‌ی كرد و ده‌ستخۆشی له‌و هه‌نگاوه‌ی خاوه‌ن كارگه‌كه‌ كرد، كه‌ هه‌وڵده‌دات به‌شێك له‌پێداویستی كاره‌بای كارگه‌كه‌ی له‌وزه‌ی خۆر دابین بكات، كه‌ وزه‌یه‌كی خاوێن و دۆستی ژینگه‌یه‌و هیواشی خواست كه‌ سه‌رجه‌م كارگه‌و شوێنه‌ بازرگانیه‌كان بتوانن سوود له‌وزه‌ی خۆر وه‌ربگرن و به‌شێك له‌پێداویستی خۆیان له‌كاره‌با دابین بكه‌ن، كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌باو هه‌نگاوێكیش ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پیس بوونی ژینگه‌.
روونیشیكرده‌وه‌ ژینگه‌ی كوردستان و پێكهاته‌كه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با به‌خۆر زۆر گونجاوه‌و ده‌كرێت زۆر به‌ئاسانی له‌رۆژدا سوود له‌وزه‌ی خۆر وه‌ربگرین بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با.
هاوكات ئه‌ندازیار رێبوار عومه‌ر مامۆستای زانكۆ پسپۆری له‌بواری وزه‌ نوێبووه‌كان رایگه‌یاند ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆمپانیای ئاڵا جێگه‌ی دڵخۆشیه‌و هیوادارین ئه‌مه‌ ببێته‌ هه‌نگاوێكی باش و كه‌سانی تریش چاو له‌م پرۆژه‌یه‌ بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن به‌شێك له‌پێداویستییه‌كانی خۆیان له‌وزه‌ی خۆر دابین بكه‌ن، كه‌ هه‌م له‌رووی ئابووریه‌وه‌ سوودی هه‌یه‌و هه‌میش له‌رووی پاك راگرتنی ژینگه‌وه‌.

راگه‌یاندنی
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی

ھەواڵی زیاتر