له‌ 2020دا كه‌مترین رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ باڵه‌خانه‌كاندا ڕوویداوه


به‌پێی ئاماری لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌كان به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو ژماره‌ی رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و قوربانییه‌كان به‌هۆی رووداوه‌كانه‌وه‌ له‌ ناو بیناو باڵه‌خانه‌كانی سنوری سلێمانیدا كه‌میكردووه‌.
ئاوات عه‌لی- سه‌رۆكی لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربووه‌ و ته‌نها له‌ ساڵی 2020دا هه‌زارو (651) سه‌ردانی كردووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زار و (384) شوێن پابه‌ند بوون و (38) شوێنیش به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونه‌وه‌ داخراون و پسوڵه‌ی سه‌رپێچی و ئاگاداركردنه‌وه‌ش بۆ هه‌ندێك باڵه‌خانه‌ كراوه‌.
وتیشی: لیژنه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ نوێنه‌ری به‌رگری شارستانی و كاره‌با و ئاسایش و قائیمقامیه‌ت، بۆیه‌ چاودێری سیستمی ئاگركوژێنه‌وه‌ و كاره‌با و سه‌لامه‌تی له‌ هه‌موو باڵه‌خانه‌كاندا ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی سه‌لامه‌تی باڵه‌خانه‌كان ئاشكرایكرد له‌ ساڵی 2020دا كه‌مترین رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ باڵه‌خانه‌كانی سنوری سلێمانیدا روویداوه‌ و روداوه‌كانیش به‌هۆی ئه‌و رێكارانه‌وه‌ كه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر كه‌مترین قوربانی گیانی و ماڵی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.
وتیشی: ته‌واوی ئه‌و باڵه‌خانه‌ نوێیانه‌ی كه‌ دروست ده‌كرێن مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی له‌ ئاگركوژێنه‌وه‌ و كاره‌با و رزگاركردنیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.
ئاوات عه‌لی داوایشی له‌ هاوڵاتیان كرد له‌كاتی بینینی هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كدا ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ زوترین كات رێكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ر بگرنه‌به‌ر.
ش . غ
راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

ھەواڵی زیاتر