هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە

هاتوچۆى هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى به‌رزیی پرده‌كانى شه‌قامى 120 مه‌تری بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24/12/2020، فازڵ حاجى، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك وێنه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌‌: “دوو ڕۆژ پێش ئێستا له‌سه‌ر شه‌قامى 120 مه‌ترى له‌ به‌رامبه‌ر عه‌نكاوه‌، بارهه‌ڵگرێك به‌هۆى بوونه‌وه‌ى بۆدى و حه‌وزى دواوه‌ى له‌كاتى ڕۆیشتن، خۆى به‌ بنمیچى پردێكى شه‌قامى 120 مه‌تریدا كێشه‌، له‌ ئه‌نجامى ڕووداوه‌كه‌دا زیانێكى زۆر به‌ر پرده‌كه‌ و ڕێگایه‌كه‌ش كه‌وت”.

باسى له‌وه‌ش كردووه‌: “هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى ڕووداوه‌كه‌، خه‌ڵكانێك گوتیان پرده‌كه‌ نزمه‌، ئێمه‌ هه‌ر چه‌ند وه‌ڵاممان دانه‌وه‌ كه‌ وانییه‌ و پرده‌كه‌ كێشه‌ى نییه‌، ناڕه‌زاییه‌كانیان زیاتر بوو، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى یه‌كێك نووسیبووى پرده‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ نزمه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رت به‌رز بكه‌یته‌وه‌، به‌رى ده‌كه‌وێت”.

گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر ده‌شڵێت: “ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ واى كرد شۆفێره‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كه‌ وه‌كوو پاڵه‌وان ده‌ركه‌وێت و بڕواى لادروست بوو، كه‌ داواى قه‌ره‌بوو له‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار و شاره‌وانى بكاته‌وه‌، به‌ڵام وێنه‌كان كه‌ ئێستا به‌رده‌ستن به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گرى ساتى ڕووداوه‌كه‌ن و ده‌رده‌خه‌ن، كه‌ به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ پرده‌كه‌ به‌ 200 مه‌تر و زیاتر، بۆدییه‌كه‌ى بووه‌ته‌ه‌، هیچ پردێكیش له‌ جیهاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ دروست ناكرێت، كه‌ بارهه‌ڵگرێك به‌ بۆدیی كراوه‌وه‌، له‌ژێرى تێپه‌ڕێت”.

ھەواڵی زیاتر