بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی رابردوو رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا روویدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیان مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیاندا بە رێگەیەکی قاچاخ و ناڕەوا، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران و گەڕێنرانەوە.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی”بەداخەوە ئەو رووداوانەی ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدەن لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرداریەیە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیەو بەردەوامە. بە داخیشەوە هەندێک بەناو رێکخستنی کوردی بوونەتە دارەدەست و پەناگە بۆ ناحەزان و دوژمنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لەو پیلان و بەرنامەیەی کە دوژمنان و ناحەزان دەیانەوێت تێکدان و هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان ببینن، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە بۆ ئەوان و دارودەستەکانیان و هەموو خائینانی هەرێمی کوردستان”.
سەربەست لەزگین وتیشی”ئەو ڕەوشەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە، وا بە ئاسانی نەهاتۆتە دی، بەڵکو لە ئەنجامی رووبارێک خوێن و ئەنجامی مێژوویەکی دوورودرێژ و قوربانیدانێکی گەورە بەدەستهاتووە. خەڵکی ئێمەو گەلی کوردستان و گەنج و پیری ئێمە وا بە ئاسانی دەست لەو ناحەزانە بەرنادەن و بەردەوام خەبات دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو پیلان و ئاژاوەگێڕییەک”
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، شەوی ڕابردوو رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا روویدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیان مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیاندا بە ڕێگەیەکی قاچاخ و ناڕەوا، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنوورە بەردەوامە، هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتوچۆ و هەماهەنگی بۆ بەیەکەوە گرێدان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە کاتژمێر 1:00 بە شێوەیەکی قاچاخ هەوڵیاندا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانیەوە دەبیندرێن، دوای ئەوەی دڵنیا دەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو ڕەوشەی لە ڕۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن. بەڵام کە دڵنیا دەبنەوە ئەوانە چەکدارن ڕێگریان لێکراو داواشیان لێکرا بگەڕێنەوە.
خەختی لەوەشکردەوە”ئێمە رێگە نادەین هیچ قاچاخچییەک، هیچ چەکدارێک لەبەر چاوی ئێمە و لەژێر سێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێمی کوردستان، نە پەکەکەو نە غەیری پەکەکە و نە هەر هێزو رێکخستنێک کە لەژێر هەر ناونیشانێک خۆیان دەناسێنن”
ھەواڵی زیاتر