دۆسیه‌ى “دزیه‌كه‌ى” نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لار له ‌دادگا كۆتایی هات

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

دوایین چوار تۆمه‌تباری دۆسیه‌ى “دزییه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار” ئه‌مڕۆ دادگایی كران و به‌بێتاوان هه‌ژماركران، به‌م پێیه‌ش ئه‌و دۆسیه‌ له‌ دادگا كۆتایی پێهات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ دۆسیه‌كه‌ به‌ باڵكێشی وت، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 30ی تشرینی دووه‌م، دانیشتنى ڕاگه‌یاندنى حوكمی چوار له‌ تۆمه‌تبارانى دۆسیه‌ى “دزییه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار” بوو، له‌گه‌ڵ كه‌سێكى تر كه‌ پێشتر له‌ تۆمه‌تێكى تری هه‌مان دۆسیه‌دا حوكم درابوو، به‌ 6 ساڵ زیندانیكردن.

وتیشی، له‌ دۆسیه‌كه‌دا‌ دوو تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ى تۆمه‌تباران كرابوو، یه‌كه‌میان “ئیختیلاس” بوو، پێشتر به‌ دوو دانیشتنى دادگا چوار كه‌س تیایدا حوكم دران، دوه‌میشیان تۆمه‌تى گۆڕینی كه‌ره‌سته‌ى نوێ بوو به‌ ئیكسپایه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و له‌مه‌یاندا هیچ كام له‌ تۆمه‌تباران حوكم نه‌دران و بێتاوان بوون.

ساڵی ڕابردوو ڕووداوێكى دزیكردن له‌ به‌شى نه‌شته‌رگه‌ریی نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار ئاشكرا كرا، به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 15 كه‌س به‌و تۆمه‌ته‌ ده‌ستگیركران و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا، به‌ڵام سه‌ره‌نجام 12 له‌و ڕاگیراوانه‌ ڕاگیران و په‌ڕاویان ئاڕاسته‌ى دادگاى تاوانه‌كان كرا.

له‌ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردووشدا، دادگاى تاوانه‌كانى كه‌ركوك/ گه‌رمیان، له‌ چه‌ند دانیشتنێكدا سزاى شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی بۆ 4 له‌و ڕاگیراوانه‌ ده‌ركرد، له‌و چوار كه‌سه‌ش سیانیان فه‌رمانبه‌رى حكومیین و كه‌سێكیشیان كرێكارى كۆمپانیای پاككه‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌یه‌، هه‌شت تۆمه‌تباره‌كه‌ى تریش به‌ بێتاوان هه‌ژمار كران و ئازاد كران.

ھەواڵی زیاتر