مەلا عەبدولـلەتیف سەلەفی، رێبەری بەشێک لە سەلەفییەکانی کوردستان ڕایگەیاند، بە چەند مەرجێک ئامادەم دیبەیت لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەییدا بکەم.
عەبدولـلەتیف سەلەفی لە پۆستێکدا نووسیویەتی” لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی بێ باوەڕ بە ئیسلام بە چەند مەرجێک دادەنیشم، لەوانە مونازەرەیەکى زانستى بێت و دور بێت لە جنێو و قسەى نەشیاو”.
دەقی پۆستەکە
مەرجەکانى دانیشتنى دکتۆر عبداللطیف
لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی بێ باوەڕ بە ئیسلام
1. موجادەلەو مونازەرەیەکى زانستى بێت و دور بێت لە جنێوو و قسەى نەشیاو، بەتایبەت بەرامبەر پیرۆزیەکانى ئیسلام.
2. قسە لەسەر بابەتە سەرەکییە گەورەکان (الأصول والکلیات) بکرێت وەک (الایمان بالله ورسله وکتابه…)، نەک لەسەر بابەتە لاوەکیی و لقەکان؛ چونکە شتى لاوەکى و جوزئی كاتى زۆری دەوێت و بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بەشی ناکات ، وە تاوەکو لە تەوەرێک تەواو نەبین نەچینە سەر تەوەرێکی تر.
3. دانیشتنەکە ڕوو بەڕوو بێت لە سلێمانى یان هەولێر نەک بە ڕێگاى ئۆنلاین، وە ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت لە کەناڵى ئاسمانییەوە، وە هیچ یەکێکیان کەسیان لەگەڵ نەبێت و هیچ پەرتوک و مۆبایل و کۆمبیوتەريان لەبەر دەست نەبێت و سەماعەشيان لەگوێ نەبێت، بۆ ئەوەى بە زانستى خۆیان قسە بکەن، نەک قسەى ئەم و ئەو نەقڵ بکەن.
تێبینى: پابەند نەبوون و دەرچوون لەم مەرجانە کۆتایی بە دیبەیتەکە دەهێنێت و کەسى پابەند نەبوو بە ناحەق و دۆڕاو حیساب دەکرێت.
چاوەڕێی وەڵامتین بە کردەوە بێیت بۆ دانیشتنەکە لەمڕۆوە تا دە ڕۆژی تر هەر کاتێک بێییت دکتۆر ئامادەیە إن شاء الله